شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

سه‌لاحه‌دین.. به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێكی چێندراو سه‌ربازێكی عێراقی كوژرا

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی عێراقی ئاشكرای ده‌كات، به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێكی چێندراو ئه‌فسه‌رێكی سوپای عێراق كوژرا و حه‌وت سه‌ربازی دیكه‌ش بریندار بوون.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی به‌ میدیا عێراقییه‌كانی راگه‌یاند، بۆمبێكی چێندراو له‌ پارێزگای سه‌لاحه‌دین به‌ كاروانێكی پشكنینی سوپای عێراقدا ته‌قییه‌وه‌، ئه‌فسه‌رێك كوژرا و حه‌وت سه‌ربازی دیكه‌ش بریندار بوون.

له‌مباره‌یه‌وه‌ حه‌سه‌ن زه‌ینولعابدین، قایمقامی خورماتوو رایگه‌یاند، له‌ ناوچه‌ی “حلێوه‌” له‌ باكووری رۆژئاوای خورماتوو بۆمبێكی چێندراو به‌ كاروانێكی سوپای عێراقدا ته‌قییه‌وه‌.

زه‌ینولعابدین راشیگه‌یاند، له‌ ئه‌نجامی كرده‌ی پشكنین و گه‌ڕان به‌ دوای پێگه‌ و بنكه‌كانی داعش له‌ رۆژهه‌لاتی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین ئه‌و بۆمبه‌ چێندراوه‌ به‌و كاروانه‌ی سوپای عێراقدا ته‌قییه‌وه‌.

ئه‌و قایمقامه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، دوو له‌ برینداره‌كان دۆخیان خراپه‌ و ره‌وانه‌ی كه‌ركووك كران، فه‌رمانده‌یه‌كیش ده‌ستێكی شكاوه‌، برینداره‌كانی دیكه‌ش چاره‌سه‌ری پێویستیان بۆ كرا.

سه‌رچاوه‌: میدیا عێراقییه‌كان