شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراقی راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سنووری کەورگۆسک بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت: هێزە ئەمنییەکان هەوڵی جدی دەدەن بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی بکەرانی کردەوەکە.
لە راگەیەندراوەکەی شانەی راگەیاندنی ئەمنی هاتووە: “گرووپە تیرۆرستەکان، بە سێ مووشەک سنووری شارۆچکەی خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێریان لە هەرێمی کوردستان مووشەکباران کرد. هەر سێ مووشەکەکە لە نزیک زەوییە چۆڵ و ناوچە کشتوکاڵییەکانی کەمپی کەورگۆسک و زێی زابی گەورە و پاڵاوگەی کەورگۆسک کەوتنەوە، هیچ زیانێکی گیانی و مادی تۆمار نەکراوە”.
ئەوەشخراوەتەڕوو: “دەرکەوتووە مووشەکەکان لە دەروازەی حەمدانییە هەڵدرابوون. هێزە ئەمنییە تایبەتەکان و پەیوەندیدارەکان دەستیان کرد بە پرۆسەی گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی تیرۆریستان و ئەو کەسانەی لە پشت ئەم کردەوە تیرۆریستیە دان”.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی، ئاماژەیداوە: “هێزە ئەمنییەکان هەوڵی بێوەچانیان دەدەن بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردن و رادەستکردنی ئەو کەسانەی تێوەگلاون بە تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی”.