دووبارە کردنەوەی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نییە

دوای دەیان کۆبوونەوە و گفتوگۆ و دانوستاندن و پەیوەندیی تەلەفۆنی نێوان سەرکردەکان ھەر دوو جەمسەری ھەماھەنگی و ململانێکانی قولتر کردووتەوە، کێشەی نێوان سەدر و نووری مالیکی کاندیدکردنی جەعفەر سەدرە، بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، لە دواین تویتدا موقتەدا سەدر، دەڵێ، بەھیچ شێوەیەک لەگەڵتان ڕێک ناکەوین، بەوەش لایەنەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی بێ ئۆمێد کرد.

تا ئێستا سێ جار دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق ھەوڵی کۆبوونەوەی پەرلەمانی داوە بۆ ھەڵبژاردنی سەركۆمار، بەڵام ڕێژەی یاسایی تەواو نەبووە، بۆیە کۆبوونەوەکە بۆتە کۆبوونەوەیەکی ئاسایی، ھاوپەیمانی ڕزگارکردنی نیشتمانی سوورە لەسەر دەرچوونی کاندیدەکەیان بۆ پۆستی سەركۆمار و ڕاگەیاندنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی و پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانی ئەم ناکۆکییانە تا چارەسەری پێویست بۆ نەدۆزرێتەوە عێراق لەم چەق بەستووە سیاسییە ڕزگار نابێت.
بە گوتەی چاودێرانی سیاسی، حکوومەتی داھاتوو ئەگەر ھاوشێوەی حکوومەتەکانی ڕابردوو پشکپشکێنە بێت، ئەوە ھیچ نەکراو و خزمەت بە پرۆسەی سیاسیی عێراق ناکات و بارودۆخی وڵات ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێت.
د. سەباح حەیدەر، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ “ھەولێر” دەڵێت: “ئێستا دەرفەتەکە کراوەیە بۆ چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ دروستکردنی زۆرینەی پەرلەمان، بەڵام ئەوان ناتوانن زۆرینەی پەرلەمان پێک بهێنن و پۆستەکانی سەركۆمار و سەرۆکوەزیران یەکلا بکەنەوە، بەیاننامەمان ھەیە، چ وەکو پارتی چ وەکو ھاوپەیمانی ڕزگاری نیشتمانی ئەو ھاوپەیمانە سێ قۆڵییە کە ناوی ڕزگاری نیشتمانییە دەمێنێتەوە و کۆتایی پێ ناھێت، تەئکید لەسەر ئەوە کراوەتەوە کەڕێگە چارەیەک بدۆزرێتەوە، بۆ سەرخستنی پرۆسەی تەوافوقی ناو ماڵی شیعە، چونکە زۆر گرنگە، ئەگەر هات و دووبارە دانوستاندن لە نێوان لایەنە شیعەکان دەستی پێ کرد و بتوانن بگەنەڕێگە چارەیەک بۆ ڕزگارکردنی عێراق لەو دۆخەی تێ کەوتووە.
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، گوتیشی: “کورد زۆر دوورە لە کێشە و گرفتەکانی نێو ماڵی شیعە، ڕاستە داوای مافی ئینتخابی خۆمان دەکەین، بەڵام ئێمە بە ھیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوە نەبووینە کە تەوافوقی ناو ماڵی شیعە دروست نەبێت، یان کارمان کردبێت بۆ زیاتر پەرتەوازەکردنی ناو ماڵی شیعە، بە پێچەوانەوە پارتی، بەتایبەتی سەرۆک بارزانی دەستپێشخەری کردووە بۆ لێک نزیکردنەوەی ئەو لایەنانە، بۆیە ئەو بەیاننامەیە زۆر بەڕوونی دەست نیشانی کێشە و گرفتەکانی کردووە، بۆ ئەوەی بە زووترین کات چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، لەبەر ئەوەی ماوەی دەستووریمان ھەیە، ئەوەش وا دەکات کە لایەنە سیاسییەکان کار بکەن بۆ بەرژەوەندی ئەم پرۆسەیە ئەگەرنا لە داهاتوودا تووشی کێشەیەکی گەورە دەبین.
دووبارەبوونەوەی ھەڵبژاردن لە بەرژەوەندی ھیچ لایەنێکدا نییە، لە بەرژەوەندی لایەنەکانی شیعەدایە بگەنە ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکوومەت، بۆیە دەبێت ڕێک بکەون، بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی بچێتە پێشەوە و حکوومەت دروست بکرێت، چونکە خەڵکەکە پێویستی بەیاسای بوودجە هەیە، بۆیە لە بەرژەوەندی ھەموو لایەنەکان و گەلی عێراق دایە، هاوپەیمانی سێ قۆلی ھەوڵی ڕازی کردنی پەرلەمانتاران بدات، بۆ ئەوەی ھەرچی زووە حکوومەت پێک بێت، چونکە ئەو لایەنانە دەتوانن عێراق لەو بارودۆخەی کە تێکەوتووە ڕزگار بکەن. لەسەر ئەو پرسە، د. سەباح حەیدەر، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ڕوونی کردەوە: “دادگا بە ھیچ شێوەیەک باسی ئەو کاتەی نەکردووە، ئەوەی تەنیا ماوە یاساکەیە، کە مانگێک دیاری کراوە، چونکە وەکو پەرلەمان نەمان توانی سەركۆمار ھەڵبژێرین، دادگای ئیتحادی ھاتە ناو پرۆسەکە، چونکە ڕەنگە پرۆسەکە ماوەیەکی زۆر بکێشێت، بەتایبەتی تا ئێستا ھیچ تروسکایەک نییە لەسەر ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکانی شیعە، بۆیە ڕەنگە دوای ٦ی مانگیش ئەو کێشەیە بەردەوام بێت”.

ھەواڵی زیاتر