بۆ رێگری لە دزەکردنی داعش، سنووری نێوان عێراق و سووریا دەکرێتە دیوار

حکوومەتی عێراق بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی داعش دەیەوێت لە سنووری نێوان عێراق و سووریا دیوارێکی کۆنکرێتی بنیات بنێت.

سەرچاوەیەکی سەربازی عێراقی بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە حکوومەتی عێراق دەیەوێت لە سنوورەکەی لەگەڵ سووریا دیوارێک بنیات بنێت و بەم هۆیەوە رێگری لە دزەکردنی چەکدارانی داعش بۆ ناو خاکی عێراق بکات.
هەواڵەکە لە زاری ئەفسەرێکی باڵای سوپای عێراق بڵاو کراوەتەوە بێ ئەوەی ئاماژە بە ناوەکەی بکات. راکێشانی دیوارەکە بە چەند قۆناغ دەبێت ولە قۆناغییەکەمدا بە درێژی چەند کیلۆمەترێک و بە بەرزایی سێ مەتر و نیو دیوارەکە لە پارێزگای نەینەوا و لە نزیک ناوچەی شنگال دەکێشرێت.
سێ هەفتە لەمەوبەریش وەیس حەمداوی یاریدەدەری فەرماندەی ئەرکانی سوپای عێراق باسی لە پلانی حکوومەتی عێراق بۆ راکێشانی دیوار لە سنووری نوان عێراق و سووریا کردبوو.
جێی باسە عێراق و سووریا ٦٠٠ کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان هەیە و لانی کەم لە هەشت ساڵی رابردوودا تیرۆریستانی داعش زۆرترین سوودیان لەو سنوورە وەرگرتووە. لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ گرووپێک لە تیرۆریستانی داعش دوای پەڕینەوە لە سووریاوە بۆ پارێزگای نەینەوا توانیان مووسڵی ناوەندی پارێزگاکە بگرن و تەنانەتلە نەینەواوە داعش دەوڵەتەکەی بە ناوی عێراق و شام دابمەزرێنێت و کۆتایی بەو سنوورە بهێنێت.
داعش بۆ ماوەی سێ ساڵ زۆرترین سەرئێشەی بۆ عێراق و ناوچەکە دروست کرد و یەک لەسەر سێی کۆی خاکی عێراقی داگیر کرد و ئەگەر دامەزراندن و هەڵوێستی توندی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا نەبووایە لەوانەیە ئێستاش داعش بەشێک لە خاکی عێراقی بەدەستەوە بووبا.
لە ساڵانی دواتردا بە تایبەتی لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ کە داعش لە عێراق رووخێنرا پاشماوەی چەکدارەکانیان بەرەو سووریا رایان کرد و سەرەڕای ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠١٨ لە سووریاش تووشی شکستێکی گەورە بوون بەڵام دووبارە بەشێکیان بەرەو عێراق گەڕاونەتەوە و لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و هەندێک ناوچەی تری عێراق دەستیان بە جموجۆڵ و چالاکییە تیرۆریستییەکانیان کردووە.
ویستی عێراق بۆ راکێشانی دیوار لەسەر سنووری سووریا بۆ ساڵی ٢٠١٨ دەگەرێتەوە بە تایبەتی دوای ئەوەی تورکیا دەستی بە راکێشانی دیوار لەگەڵ سنووری وڵاتەکەی کرد.
تا پایزی ساڵی رابردوو تورکیا لە سنوورەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ سووریا و ئێران هەزار کیلۆمەتر دیواری بنیات ناوە و ئەمەشیەک لەسەر سێی کۆی درێژیی سنوورەکەیەتی لەگەڵ هەر سێ وڵاتی سووریا. عێراق و ئێران.ئامانجی راکێشانی دیوار لە سنووری نێوان تورکیا و ئێران زیاتر بۆرێگریکردن بووە لە چوونی پەناخوازان لە ئێران و ئەفغانستانەوە بۆ تورکیا و ساڵی رابردوو لەگەڵ بە دەسەڵات گەیشتنی تاڵیبان لە ئەفغانستان و ئاوارەبونی سەدان هەزار کەس پەرەی پێدا.
مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە سووریاوە بۆ وڵاتانی تر بە تایبەت کاتێک زیاتر بوو کە لە سەرەتای ئەمساڵی زایینی بە هەزاران گیراوی داعش لە رۆژئاوای کوردستان ویستیان لە گرتووخانە رابکەن و تەنانەت ژمارەیەکیشیان توانیان خۆیان دەرباز بکەن و بۆ ماوەیەک شەرێکی قورس لە نێوانیاغیبووانی گرتووخانە و هێزە کوردییەکان لە ئارادابوو و دواجار توانرا گرتووخانەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێت و بە سەدان تیرۆریست بکوژرێن و بە سەدانی تریش رابکەن.
رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سووریا ئەو کات رایگەیاند ژمارەیەکی زۆر لە تیرۆریستانی داعش لە سەرەتای ئەمساڵ لە گرتووخانەیەکی رۆژئاوای کوردستان هەڵاتن و بەشێکی زۆریان بۆ سنوورەکانی تورکیا هەڵاتوون و بەشێکیش هەوڵیان داوە دەربازی عێراق ببن.
لە هاوینی ساڵی رابردوو تیرۆریستانی داعش زۆرترین کێشەیان بۆ حکوومەتی عێراق دروست کرد و بە دەیان تاوەری کارەبایان لەناو برد و بۆ ماوەیەک کارەبایان لەسەر بەسێکی بەرجاو لە دانیشتووانی عێراق پچڕاند.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەستی حکوومەتی عێراقی لە جێبەجێکردنی هەندێک پڕۆژە کراوە کردووە و بنیاتنانی دیوارەکە دەتوانێت کاریگەریی ئەرێنیی بۆ سەر ئاسایشی ئەو سنوورە هەبێت.

ھەواڵی زیاتر