رەوتی سەدر رایدەگەیێنێت، زۆرینەی خەڵکی عێراق لەگەڵ حکومەتی زۆرینەی نیشتمانیین، هەروەها دەشڵێت، “جارێکی دیکە گوێمان لە دەنگی دڕندانەی ناحەزان دەبێتەوە کە ئەوانە جگە لەهەڕەشە لە هیچی دیکە نازانن.”

ئەمڕۆ هەینی 18-02-2022 موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، سەرەتای راگەیێندراوەکەی بە شیعرێک دەستپێکردووە کە تێیدا دەڵێت، “بە مردن هەڕەشە لە من ناکرێت؛ کەسێک شوێنکەوتووی پێغەمبەری ئیسلام بێت هیچ شتێک نایترسێنێت.”
، شارەزایان ئەو تویتەی موقتەدا سەدر وەک پەیامێک بۆ نەیارەکانی لێک دەدەنەوە کە دیارترینیان نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتیی یاسایە.

لە راگەیێندراوەکەی رێبەری رەوتی سەدردا هاتووە، “جارێکی دیکە خەڵکانێک هەڕەشە لە هاوکاران و هاوبەشەکانمان دەکەن کە داوای حکومەتی زۆرینەی نیشتمانیی دەکەن کە ‘نە رۆژهەڵاتی نە رۆژئاوایییە’ و خەریکە رووناکییەکەی لە هەموو ناوچەکان، خۆر، دارخورما و خاکی عێراقەوە دەردەکەوێت، خۆشویستنی نیشتمانیش بەشێکە لە باوەڕداری، واز لە هەڕەشەکانتان بهێنن، دووپاتی دەکەمەوە کە ئێمە پاشگەزنابینەوە و رێگەنادەین تیرۆر و گەندەڵی کۆنترۆڵمان بکەن.”

موقتەدا سەدر لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا باسی لەوە کردووە، “پێتان دەڵێم بەسە هەڕەشە و گوڕەشەکردن، ئێمە عێراق نادەینەوە دەستی گەندەڵکاران، نیشتمان نافرۆشان بەوانەی کە لەودیوی سنوورەوەن، زۆرینەی خەڵکی عێراق لەگەڵ حکومەتی زۆرینەی نیشتمانییە، ئێمەش دەستەوەستان ناوەستین، مێژوومان پڕە لە هێز، ئارامگرتن و خۆڕاگری.”

بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق، هەریەک لە رەوتی سەدر، پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکان رێککەوتنێکی سێ قۆڵییان هەیە. لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، هێشتا ناکۆکیی لەنێوان بەشێک لە لایەنە سیاسییەکاندا بەردەوامە، ئەوەش رێگرە لە پێش گرتنەبەری رێوشوێنەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ.

ھەواڵی زیاتر