دەزگای ئاسایشی عێراق دەستگیرکردنی چوار تیرۆریستی داعشی لە پارێزگای موسڵ راگەیاند. دەزگای ئاسایشی عێراق بڵاوی کردەوە کە ھێزەکانی ئاسایش زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان لە ژمارەیەک ناوچەی رۆژئاوای پارێزگای موسڵ، ئەنجامداوە. راشیگەیاندووە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکاندا، چوار تیرۆریست کە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر داواکرابوون، دەستگیرکراون. دەزگای ئاسایشی عێراق ئاماژەی بەوەیش داوە، تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان لە میانی لێکۆڵینەوە بەراییەکاندا، دانیان بەوەدا ناوە کە لەبەناو ویلایەتی جەزیرە سەربە داعش چەکداربوون، هەروەها چەندین کردەی تیرۆریستییان بۆسەر ھێزە ئەمنییەکان و ھاووڵاتییان ئەنجامداوە. باسی لەوەشکردووە کە تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون، بۆ ئەوەی رێوشوێنی یاسایی لەبەرامبەریان بگیرێتەبەر.