وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، رایگەیاند کە ئاوارەکانی قەزای شنگال بەھۆی ئەوەی تا ئێستا رەوشی قەزاکەیان ئاسایی نەبووەتەوە، بۆیە نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
ئیڤان فایەق،وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ، سەبارەت بە ئاوارەکانی قەزای شنگال رایگهیاند: ئاوارەکانی قەزای شنگال بەھۆی ئەوەی تا ئێستا رەوشی قەزاکەیان ئاسایی نەبووەتەوە، بۆیە نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و گوتی: “چاوەڕوانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دەکەین بۆ ئەوەی ئاوارەکانی قەزای شنگال بگەڕێنینەوە زێدی خۆیان”.
پێشتر بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، کەریم نوری رایگەیاندبوو کە بەپێی دوایین ئامار، ژمارەی ئاوارەکان لە عێراق لە دوای 2014وە لە 750 ھەزار کەس بۆ 37 ھەزار کەس کەمبووەتەوە کە لەو ژمارەیە 30 ھەزاریان لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن و حەوت ھەزارەکەی دیکەیش لە کەمپی فەللوجە لە پارێزگای ئەنبار و کەمپی جدعە لە پارێزگای نەینەوا، نیشتەجێن.
بەھۆی ھێرش و پەلامارەکانی داعش بۆسەر بەشێک لە ناوچەکانی عێراق لە ھاوینی 2014دا، نزیکەی پێنج ملیۆن و 500 ھەزار عێراقی ئاوارەبوون کە بەشێکیان وەک پەنابەر روویان لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ئەورووپا کردووە.

