چارەسەری تەنگژە سیاسییەکانی ساڵی ٢٠٢١ی عێراق بە ساڵی ٢٠٢٢ دەسپێردرێن

خەریکە لە کۆتایی ساڵی زاینی ٢٠٢١ نزیک دەکەوینەوە، ساڵەکە لە ڕووی سیاسییەوە بۆ عێراق ساڵێکی ئاڵۆز و پڕکێشە بووە و بەشێکی زۆر لەو تەنگژە سیاسییانەش پێ دەچێت لەگەڵ کۆتاییهاتنی ساڵەکە تەواو نەبن و ساڵی داهاتووش بەربینگ بە عێراق بگرن.

گرنگترین رووداوی سیاسی ساڵی ٢٠٢١ی عێراق بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە بوو لە ١٠ی مانگی تشرینی یەکەم. ئامانجەکە ئەوە بوو بەر لە تەواوبوونی ساڵ حکوومەتێکی نوێ لە عێراق دابمەزرێنرێت و کۆتایی بەو تەنگژە وقەیرانە جۆراوجۆرانە بهێنرێت کە بەرۆکی عێراقیان گرتووە و بوونەتە هۆی دواخستنی وڵاتەکە لە سەرجەم کایەکان.
هاوکاتپرسی تیرۆر، دەرەنجامی هەڵبژاردن و مانەوەی هیزەکانی ئەمەریکا لە عێراق سێ پرسی هەرە گرنگن کە زۆرترین مشتومڕی لەبارەوە کراوە. وەک ئاشکرایە پرسی هەڵبژاردن هێشتا بە تەواوی یەکلایی نەبووەتەوە و بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق سوورن لەسەر رەتکردنەوەی دەرەنجامەکان و کۆمسیۆن و لایەنە پێوەندیدارەکانیش لە ژێر کاریگەریی ئەو تانە و سکاڵایانە نەیانتوانیوە بە فەرمی کۆتایی بە پرسەکە بهێنن تا دەست بە رێکارەکانی کۆبوونەوەی پەرلەمان و دامەزراندنی حکوومەت بکرێت.
گوشارەکان لە لایەن گرووپ و حزبە دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن بوون و دواین هەوڵیشیان خۆپێشاندانی ئەم هەینیە بوو لە بەغدا کە ویستیان بچنە نێو ناوچەی سەوزەوە بەڵام پێش یان پێ گیرا.
کێشەیەکی تر بریتییە لە پرسی کشانەوەی هیزەکانی ئەمەریکا کە بەشیک لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق تێکەڵاوی پرسەکانی تریان کردووە لە کاتێکدا پێشتر حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ئەمەریکا بەفەرمی لەسەر ئەو پرسە رێککەوتنیان کردووە.
لە مانگی تەمووزی ئەمساڵدا جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی ئەمەریکا لە عێراق چوونە ناو قۆناغێکی نوێی هاوکاریی ستراتیجی.
بە پێی ئەو رێککەوتنەی کە لە نێوان کازمی و بایدن کراوە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق رۆڵی سەربازیی و شەڕکەریان نامێنێت. عێراق بەڵێنی داوە پارێزگاری لە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بکات کە لە عێراق خەریکی راهێنانی هیزەکانی عێراق دەبن. هەر دوو لا لە رووی هەواڵگری و راوێژکاری و راهێنان هاوکاریی یەکتر دەکەن.
ئەو کاتیش میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویان کردەوە کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازی بە هیچ شێوەیەک بەو واتایە نییە هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکشێنەوە. بەڵکوو بەشێک لە سەربازانی ئەمەریکا لە عێراق دەمێننەوە و لە ئاسمان و زەوی درێژە بە رووبەڕووبوونەوەی داعش دەدەن.
مەبەستەکە لە عێراق زیاتر ئەوە بووە لە لایەک ئەو هێز و لایەنانە رازی بکات کە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق نین و لە لایەکی تر بە بەردەوامیدان بە رێککەوتنی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمەریکا رۆڵی هەبێت لە هیشتنەوەی توانا و رۆڵی ئەمەریکییەکان بۆ هاوکاریکردنی سوپای عێراق لە رێگریکردن لە بەهێزبوونی داعش.
ئەو لایەنانەی لە ئێران نزیکن بەم شێوەیە راڤەیان بۆ بڕیارەکە کردووە کە لە کۆتایی ساڵەوە هیچ هێزێکی ئەمەریکا نابێت لە عێراق بمێنێت لە کاتێکدا هێزەکانی ئەمەریکا دەمێننەوە.
هەر لە چەند رۆژی رابردوودا فەرماندەی ناوەندیی هیزەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە فەرمی ئەوەی راگەیاند کە ئەمەریکا دوو هەزار و ٥٠٠ سەربازی لە عێراق دەمێنێتەوە و رۆڵیان دەبێت لە هاوکاریکردن و راهێنانی سوپای عێراق و هیزی پێشمەرگە و لە رووبەڕووبوونەوەی داعش بەردەوام دەبن.
هەر لایەنە و بە دڵی خۆی و لە چوارچێوەی ئەجیندای خۆی خوێندنەوە بۆ ریککەوتنەکەی عێراق و ئەمەریکا دەکات. دوێنێ قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا گوتی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا کۆتایی بە ئەرکەکانیان دەهینرێت.
هەندێک رۆژنامە وایان لێکداوەتەوە کە قسەکانی حکوومەتی عێراق و لێدوانەکەی کێنت مەکینزی فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا، لەگەڵ یەکتر ناکۆکن بەڵام لە راستیدا ناکۆکی نییە و هەر دوو لا باسیان لە رێککەوتنەکە کردووە و هێزەکانی ئەمەریکا رۆڵیان لە شەڕکەرەوە بۆ راوێژکار دەگۆڕێت.
هاوکات باڵویزخانەی ئەمەریکاش لە بەغداش پابەندبوونی خۆی بە هاوبەشی و رێککەوتنی ستراتیجی لەگەڵ عێراق دەربڕی و دەستخۆشیی لە پیشمەرگە و هیزەکانی عێراقیش کرد کە لەم دواییانەدا لە دژی داعش هەنگاوی باشیان ناوە و توانیویانە پاشەکشەیان پێ بکەن.
ئەمەریکا لە چوارەم ساڵوەگەڕی شکستی داعش پێداگری لەوە کردووە، راستە داعش شکستی هێناوە بەڵام هێشتا مەترسیدارە و ئەگەری ئەوە لە ئارادایە دووبارە زیندوو ببێتەوە و بۆیە ئەوە بە پێویست دەزانڕیت بەرانبەری رێکاری گونجاو بگیرێتە بەر. هەرچەندە عێراقییەکان خۆشیان داوا لە ئەمەریکا دەکەن لە داعش بیانپارێزێت.
گرووپە توندڕەوەکان و میلیشیاکانی شیعە هەڕەشە لە ئەمەریکا دەکەن و دەڵێن ئەگەر رێکارە دیپلۆماسییەکان نەبنە هۆی کشانەوەی هیزەکانی ئەمەریکا، ئەوا خۆیان بە شەڕ هەوڵی دەرکردنیان دەدەن.
ئەم رووداوانە لە کاتێکدان تیرۆریستانی داعش لە هەوڵی پەرەپێدانی توانا و چالاکییەکانی خۆیانن و کۆمەڵێک هێرشی تیرۆریستی و تەقینەوەیان كردووە. مەترسییەکانیان پەرەیان سەندووە و کلیلی چارەسەرکردنی زۆربەی ئەو کێشە و تەنگژانە بە پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق گرێ دراون کە دامەزراندنەکەی دەکەوێتە ساڵی ٢٠٢٢ەوە.