عێراق تەواوی گەشتە ئاسمانییەكانی لەگەڵ بێلارووس ڕاگرت

ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕای گەیاند تەواوی گەشتە ئاسمانییەكانیان لەگەڵ وڵاتی بێلارووس ڕاگرت و مۆڵەتی كاركردنی كۆنسوڵی فەخریی بێلارووسیش لە بەغدا هەڵوەشێندرایەوە.

ئەحمەد سەحاف گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی حكوومەتی فیدراڵی ڕای گەیاند وەزارەتەكەیان بەشێوەیەكی كاتی مۆڵەتی كاركردنی كۆنسوڵی فەخریی بێلارووسی لە بەغدا هەڵوەشاندەوە.

گوتیشی ئەم هەنگاوەی حكوومەت بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی عێراقە لە دەست تۆڕەكانی قاچاخچییەتی لە نێوان بێلارووس و پۆڵۆنیا.

گوتەبێژەكە ئاماژەی بەوەش كرد كە هەردوو باڵوێزخانەی عێراق لە مۆسكۆ و وارسۆ خەریكی هاوئاهەنگیكردنە بۆ گەڕاندنەوەی خۆویستانەی كۆچبەرانی عێراق.

هەر ئەمڕۆش هێڵی ئاسمانیی “بێلافیا”ی بێلارووس ڕای گەیاندبوو كە چیتر لە گەشتەكانیاندا، هاووڵاتییانی عێراق، سووریا و یەمەن لە توركیاوە بەرەو خاكی بێلارووس ناگوازنەوە.

ھەواڵی زیاتر