گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ھەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی بە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراوە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند کە ھەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی بە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراوە و ئاماژەی بەوەیش دا، ژمارەیەک تیمی لێکۆڵینەوە تەواوی ھەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی بگەن بە تاوانباران و ئەو لایەنەی کە تێوەگڵاون لە ئەنجامدانی ھێرشەکە.

سەعد مەعن، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەو کردە قێزەوەنە کە بۆ بەئامانجکردنی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی ئەنجامدراوە، بەئامانجکردنی دەوڵەتی عێراق و ھەموو عێراقییەکانە، چونکە مستەفا کازمی نوێنەرایەتی گەل دەکات.

سەعد مەعن گوتیشی: “ھەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی بەسێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراوە کە دوو لە فڕۆکەکان خراونەتەخوارەوە و ئەوەی دیکەیش ماڵەکەی مستەفا کازمی کردووەتە ئامانج و بەھۆیەوە ژمارەیەک پاسەوانی سەرۆکوەزیران برینداربوون کە ئێستا لە نەخۆشخانەکە چارەسەر وەردەگرن”.

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، سەعد مەعن ئاشکراشی کردووە کە لێکۆڵینەوە لەبارەی ھێرشەکەوە دەستی پێ کردووە و گوتی: “ژمارەیەک تیمی لێکۆڵینەوە تەواوی ھەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی بگەن بە تاوانباران و ئەو لایەنەی کە تێوەگڵاون لە ئەنجامدانی ھێرشەکە”.

تا ئێستا ھیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی ھێرشەکە رانەگەیاندووە.

ھەواڵی زیاتر