هەوڵی گەڕانەوەی سەدان ملیار دۆلار پارەی دزراوی عێراق دەدرێت

عێراق یەکیکە لەو وڵاتانەی کە داهاتێکی زۆری هەیە، بەڵام تەواوی ئەو داهاتە بۆ خزمەتی خەڵک و پێشخستنی کۆمەڵگا خەرج نەکراوە، رێژەی گەندەڵی لە عێراق ئەوەندە بەرزە هۆکار بووە لەوەی خەڵکی پارێزگاکانی ناوەراست و باشووری عێراق بەردەوام گلەییان لە دەسەلاتدارانی بەغدا و حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانیان هەبێت.

دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵکی عێراق لە دوو دەیەی رابردوودا گۆڕانکارییەکی زۆر بەرچاوی بەسەردا نەهاتووە، رێگاوبان و شەقامەکانیان هەمان ئەو شەقامانەن کە پێش چەند دەیە لەمەوبەر دروست کراون. پڕۆژەی ستراتیجی زۆر بە کەمی جێبەجێ کراوە و تەنانەت بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی پاریزگاکانی عێراق ئاوی خواردنەوەیان بە تەواوی بۆ دابین نەکراوە و پچڕانی کارەباش بەردەوام بووە، هەر ئەوەش وایکردووە خەڵکی ناڕازی بەردەوام لەسەر شەقامەکان هەبن و سەرزەنشتی حکوومەتەکانی عێراق بکەن.
ئەوەی گۆڕاوە تەنیا هەرێمی کوردستان بووە کە چ لە ئاستی ئاوەدانکردنەوەی شارەکان و ژێرخانی ئابووری و چ لە رووی پێشخستنی باری ژیان و گوزەرانی خەڵک هەنگاوی باش نراوە. خەڵکی ئەو پارێزگایانە کاتێک بۆ سەیران سەردانی هەرێمی کورستان دەکەن و دواتر بۆ ناوچەکانیان دەگەڕێنەوە، زیاتر لە جاران لە حکوومەتەکەیان تووڕە دەبن و دەڵێن هەرێم لە کاتێکدا لە پێشکەوتن بەردەوامە کە گەمارۆی ئابووری و داراییشی لە لایەن بەغداوە لەسەر بووە و حکوومەتی عێراق بەشێک لە مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیشی گل داوەتەوە، بەڵام دیار نییە چی بەسەر ئەو پارانە هاتووە.
حاشا لەوە ناکرێت لە هەریمی کوردستانیش گەندەڵی هەبووە و هێشتا بە رێژەیەک بەردەوامە بەڵام رێژەکە لەچاو عێراق زۆر کەمترە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش نەهێشتنی گەندەڵی و چاکسازیی کردووەتە یەکێک لە پلانە هەرە سەرەکییەکانی خۆی و لەم رووەوە هەنگاوی گونجاو نراوە.
عێراق بە دووەم گەورەترین وڵاتی هەناردەکار لە نێو وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک هەژمار دەکرێت و لە دوو دەیەی رابردوودا رۆژانە بە ملیۆنان بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە بەڵام ئەم داهاتە بۆ خزمەتی وڵات و دانیشتووانەکەی خەرج نەکراوە و بەشێکی زۆری داهاتەکە دزراوە و پارەکەی بۆ وڵاتانی تر گواستراوەتەوە.
هەر دوێنێ راگەیەنرا کە لە مانگی رابردوودا حکوومەتی عێراق ملیارێک دۆلاری تر چووەتە سەر داهاتەکەی و حەوت ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری لە فرۆشتنی نەوت دەست کەوتووە کەچی ئەو داهاتە لەسەر ژیانی خەڵکەکەی رەنگدانەوەی نەبووە.
حکوومەتی عێراق خۆی دانی بەو رێژە بەرزە گەندەڵییە ناوە و لە چەند رۆژی رابردوودا رێککەوتننامەیەکی لێکگەیشتنی لەگەڵ پێنج وڵاتی جیهان واژۆ کردووە بۆ ئەوەی پارە دزراوەکان بۆ حکوومەتی عێراق بگەڕێنرێتەوە.
دەزگای دەستپاکی عێراق ئاماژەی داوە رێککەوتننامەکە لەگەڵ پێنج وڵاتی تورکیا، ئوردن، لبنان، کوێتو پۆڵۆنیایە و ئامانجیانە ئاڵوگۆڕی زانیاری بکەن و بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانە و سەرمایەکانیان بکەن کە بۆ ئەو وڵاتانە گواستراونەتەوە.
مەعتەز عەباسی بەڕێوەبەری گشتی لە دەزگاکە ئاماژەی داوە لەگەڵ ئەو وڵاتانە لەسەر خەتن و دەیانەوێت ئەو پارانە بۆ وڵات بگەڕێننەوە و لێپێچینەوەش لە گەندەڵکاران بکەن. هەروەها لە داهاتوودا لەگەڵ وڵاتی تریش رێککەوتن واژۆ دەکەن.
پێویستە بگوترێت پێشتر پڕۆژەی گەڕاندنەوەی سامانی تاڵانکراوی عێراق لە پەرلەمانی بەغدا پەسند کراوە و ماوەتەوە یاساکە جێبەجێ بکرێت و ئەمەی دەکڕێ بەشیکە لە هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی یاساکە نراون.
پێشبینی دەکرێ قەبارەی ئەو پارەیەی لە دوو دەیەی رابردوودا لە عێراق دزراوە و بۆ وڵاتانی تر گواسترابێتەوە ٣٠٠ ملیار دۆلار بێت، پارەیەک کە دەتوانێت ژێرخانی تەواوی کەرتەکانی ئابووری عێراقی پێ ببووژێنرێتەوە و ژیان و گوزەرانی خەڵکیش چەندین هێندە باشتر بکرێت.

ھەواڵی زیاتر