کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا نزیکەی 15 ملیۆن کارتی دەنگدان دراونەتەوە خاوەنەکانیان، ئەوەش لە کاتێکدایە کە دابەشکردنی کارتە بایۆمەترییەکانی دەنگدان تاوەکو کۆتایی دەوامی رۆژی سێشەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2021 بەردەوام دەبێت. جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، “ئێستا هەموو هەوڵێکی کۆمیسیۆن بۆ دانەوەی کارتی بایۆمەتریی دەنگدانە بە خاوەنەکانیان؛ تاوەکو ئێستا نزیکەی 15 ملیۆن کارتی بایۆمەتریی دەنگدان دراونەتەوە خاوەنەکانیان؛ بۆیە کۆمیسیۆن پلانێکی خێرای داڕشتووە بۆ دانەوەی ئەو کارتانەی دەنگدان کە ماونەتەوە، ئەوەش لە رێگەی ناوەندەکانی دەنگدانەوە کە ژمارەیان هەشت هەزار و 273 ناوەندە، ئەوە لە کاتێکدایە کارتەکان پێشتر لە رێگەی ناوەندەکانی تۆمارکردنەوە دەدرانەوە کە ژمارەیان هەزار و 79 ناوەندە؛ ئەوەش ئاسانکارییە بۆئەوەی دەنگدەران بتوانن خێراتر و ئاسانتر کارتە بایۆمەترییەکانیان وەربگرنەوە”. گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتیشی، “کۆمیسیۆن بڕیاریداوە دانەوەی کارتە بایۆمەترییەکانی دەنگدان تاوەکو کۆتایی دەوام لە رۆژی سێشەممە 05-10-2021 بەردەوام بێت؛ دواتر دەبێت نووسینگەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە پارێزگاکان کارتەکان بژمێرن و کۆیان بکەنەوە، بەو مەرجەی تاوەکو کۆتایی دەوامی فەرمیی لە 06-10-2021 ئەو کارتانە رادەستی ئۆفیسی سەرەکیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیان لە بەغدا کرابن”. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەوەی خستووەتەڕوو، 17 ملیۆن و 95 هەزار و 230 کارتی بایۆمەتریی چاپ کراون؛ کۆمیسیۆنی لە 5ی ئابی 2021ـەوە دەستی بە دابەشکردنی کارتی بایۆمەتریی دەنگدان بەسەر دەنگدەراندا کردووە. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، دەنگدەران بە کارتی ئەلیکترۆنی کورتخایەن یان درێژخایەن دەتوانن لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان دەنگ بدەن؛ زیاتر لە 21 ملیۆن دەنگدەر لە عێراق کارتی دەنگدانیان هەیە. بەپێی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی ئەو کەسانەی لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2021 مافی دەنگدانیان هەیە، 24 ملیۆن و 29 هەزار و 927 دەنگدەرە، کە لە هەشت هەزار و 273 ناوەندی دەنگدان لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان دەنگ دەدەن، ئەو ناوەندانە بریتین لە 55 هەزار و 41 وێستگەی دەنگدان، لە هەر وێستگەیەکیش نزیکەی 450 دەنگدەر مافی دەنگدانیان دەبێت.