کازمی بۆ گەنجان: 10-10 وادەمانە بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری و ئەم کەسانە هەڵبژێرن

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەخت دەکاتەوە، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو وادەی دروستکردنی گۆڕانکارییە و داوا لە خەڵک دەکات ئەو کەسانە هەڵبژێرن کە یەکپارچەیی و سەروەریی عێراق دەپارێزن. مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تویتێکدا کە ئاراستەی گەنجانی عێراقی کردووە، داوایان لێدەکات بەشداربن لە هەڵبژاردنەکان و دەنگ بدەن. سەرۆکوەزیرانی عێراق نووسیویەتی، “گەنجەکانمان ئەو پێشڕەوانەن کە گەل پشتیان پێ دەبەستێت. لەپێناو ئەنجامدانی چاکسازی و گۆڕانکاری، بە هۆشیاری و نیشتمانپەروەریتان و سووربوونتان لەسەر دروستکردنی ئاییندە، هەڵبژاردن دەبێتە زەماوەندێکی نیشتمانی”. کازمی داوا لە گەنجان دەکات دەنگ بدەن، دەشڵێت، “ئەو کەسانە هەڵبژێرن کە یەکپارچەیی عێراق و رێچکە و سەروەرییەکەی دەپارێزن، کەسێک هەڵبژێرە کە نوێنەرایەتیی رووحی نیشتمانی عێراقی بکات. 10ی تشرینی یەکەم وادەمانە بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری”. بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنەکان گەرمە و بڕیارە 10-10-2021 هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بەڕێوەبچێت. لەم هەڵبژاردنەدا 3249 بەربژێر بەشداربوون، تاوەکو ئێستا چەند بەربژێرێک دوورخراونەتەوە و بەربژێرێکیش گیانی لەدەستداوە، ئێستا 3242 بەربژێر ماون. بەشێکیان سەربەخۆ و ئەوانی دیکەشیان بەربژێری 21 هاوپەیمانی و 109 پارت و لایەنی سیاسین. ئەو بەربژێرانەش رکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسیی پەرلەمان. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق لە مانگی ئۆکتۆبەری 2021 دا مافی دەنگدانیان هەیە 24 ملیۆن و 29 هەزار و 927 کەسە، کە لە 8 هەزار و 273 ناوەندی دەنگدان لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان دەنگدەدەن.