له‌باره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كارتی ده‌نگدانیان وه‌رنه‌گرتووه‌ته‌وه‌ كۆمیسیۆن ئه‌و بڕیاره‌یدا

كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، له‌باره‌ی چاره‌نووسی ئه‌و كارتانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن خاوه‌نه‌كانیان تا ئێستا وه‌رنه‌گیراوه‌ته‌وه‌، بڕیارێكی ده‌ركرد.

جومانه‌ غه‌لای، گوته‌بێژی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، رایگه‌یاند، ئه‌و كارتانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن خاوه‌نه‌كان وه‌رنه‌گیراونه‌ته‌وه‌، له‌ بنكه‌كاندا ده‌گوازرێنه‌وه‌ و دواجار كۆمیسیۆن پلانێكی تایبه‌تی له‌باره‌یانه‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌ داهاتوودا رایده‌گه‌یه‌نێت.

روونیكرده‌وه‌، كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ستبه‌كار ده‌بێت و  له‌ رۆژانی داهاتوودا ته‌واوی بنكه‌ و وێستگه‌كانی ده‌نگدان ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆی خۆیان و چاودێرانی نێوده‌وڵه‌تیش ئازادن له‌وه‌ی له‌ كام شوێن كاری چاودێری ده‌كه‌ن.

پێشتریش ناوه‌ندی ستراتیژی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ له‌ عێراق، بڵاویكرده‌وه‌، تا ئێستا (3) ملیۆن كارتی بایۆمه‌تری ده‌نگدان، له‌لایه‌ن ده‌نگده‌رانه‌وه‌ وه‌رنه‌گیراونه‌ته‌وه‌.

حازم ردێنی، جێگری سه‌رۆكی ناوه‌ندی ستراتیژی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ له‌ عێراق، رایگه‌یاند، (3) ملیۆن كارتی ده‌نگدان له‌ لایه‌ن عێراقییه‌كانه‌وه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردن، وه‌رنه‌گیراونه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ (1079) بنكه‌كانی نوێكردنه‌وه‌ و تۆماری كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان ماونه‌ته‌وه‌.

روونیكرده‌وه‌، رێژه‌ی وه‌رنه‌گرتنه‌وه‌ی كارته‌كان به‌رزه‌، كاتی ده‌نگدانیش كه‌می ماوه‌ و كاندید و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق چاوه‌ڕێن خه‌ڵك له‌ (10)ـی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ روو له‌ بنكه‌كانی ده‌نگدان بكه‌ن.

جێی باسه‌  (25،139،375) ملیۆن ده‌نگده‌ری عێراقی مافی ده‌نگدانیان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا له‌ كۆی (1079) بنكه‌دا، هه‌یه‌، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو له‌ عێراقدا دابه‌شكراون، هه‌روه‌ك كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان رایگه‌یاند.