عێراق، بۆ کەمکردنەوەی خەرجی بەرهەمهێنانی کارەبا، ڕێچکەی هەرێمی کوردستان دەگرێتە بەر

حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە ساڵانە بەشیک لە وەبەرهێنان بۆ کەرتی گازی سروشتی تەرخان بکات و ئەو گازە سروشتییەی لە کێڵگەکانی نەوت دەردەچن، کۆنترۆڵ بکات و بۆ مەبەستی سووتەمەنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاریان بهێنێت و سووتەمەنی وێستگەکان لە گازوایل و نەوتی رەشەوە بكاتە گازی سروشتی، رێچکەیەک کە پێشتر لە هەرێمی کوردستان گیراوەتە بەر و نزیک بە تەواوی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە کوردستان پشت بە گازی سروشتی دەبەستن کە هەرزاتر دەوەستێت.

“عێراق و هەرێمی کوردستان کە جگە لە نەوت، بە گازی سروشتیش دەوڵەمەندن زەمینەیەکی لەباریان هەیە بۆ ئەوەی پەرەی زیاتر بەو کەرتە بدرێ و لە داهاتوودا بۆ گەرمکردنەوەی ماڵانیش لە جیاتی نەوتی سپی پشت بە گازی سروشتی ببەسترێت”

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی کارەبای پێویست بۆ هەرێم دابین بکات دەهەیەک لەمەوبەر ساڵانە بە ملیاران دۆلاری خەرج دەکرد بۆ دابینکردنی سووتەمەنی گازوایل تا وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای پێ بەگەڕ بخرێت، بەڵام دواتر بە پەرەپێدانی کەرتی گازی سروشتی و راکێشانی سەرنجی وەبەرهێنەران بۆ ئەم کەرتە، توانیی سووتەمەنیی گازوایل و نەوتی رەش بەلاوە بنێت و سەرچاوەکە بكاتە گازی سروشتی، کە هەم هەرزانترە و هەمیش بەهۆیەوە پارێزگاری لە ژینگە دەکرێت.
عێراق بە دووەم گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری ئۆپێک هەژمار دەکرێت و بڕیارە حکوومەتی عێراق ساڵانە سێ ملیار دۆلار لە کەرتی گازی سروشتیدا وەبەرهێنان بکات و گازی سروشتی بکاتە جێگرەوەی سووتەمەنییەکانی تری وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.
عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق کە هاوکات یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانە گوتوویەتی خەریکی ئەوەن تا ساڵی ٢٠٢٥ کۆنترۆڵی هەموو ئەو گازە سروشتییە بکەن کە لە کێڵگەکانی نەوت دەردەچن و بە سووتاندنیان زیان بە ئابووریی عێراق دەگات و ئامانجەکە ئەوەیە ئەو گازە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا سوودیان لێ وەرگیرێت.
هەر ئێستە عێراق بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بەشێک لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا پشت بە ئێران دەبەستێت و ئەگەر ئەو پلانەی جێبەجی بکات ئەوا چیتر حەوجێی ئێرانیش نابێت.
بە پێی ئەو پلانەی کە عێراق دایناوە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ کۆتایی بە سووتاندنی گازی سەر کێڵگەکانی نەوت دەهێنێت. بە پێی خەمڵاندنی عێراق لە ساڵی ٢٠١٥دا ١٦ ملیار مەتر سێجا گازی سروشتیی ئەو کێڵگانەی سووتاندووە و بەمەش ملیاران دۆلار زیان بە ئابووریی عێراق گەیشتووە.
عێراق چووەتە ناو دانوستانەکانی کۆنفرانسی سکۆتلەندا بۆ کەمکردنەوەی گازی مێتان کە یەکشەمی داهاتوو دەست پێ دەکات، ئەم جۆرە گازە لە کاربۆن دوو ئۆکساید مەترسیدارترە و بە هۆکاری سەرەکیی دیاردەی گەرمبوونی زەوی هەژمار دەکرێت.
جێگرتنەوەی گازی سروشتی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە داهاتوودا خەرجییەکی زۆر لەسەر شانی حکوومەتی عێراق لادەبات و هاوشێوەی هەرێمی کوردستان خەرجییەکانی ساڵانەی حکوومەت بۆ کەرتی کارەبا کەمتر دەبیتەوە و دەکرێ بۆ پڕۆژەکانی تری ئاوەدانکردنەوە بەکاریان بهێنێت.
عێراق و هەرێمی کوردستان کە جگە لە نەوت، بە گازی سروشتیش دەوڵەمەندن زەمینەیەکی لەباریان هەیە بۆ ئەوەی پەرەی زیاتر بەو کەرتە بدرێ و لە داهاتوودا بۆ گەرمکردنەوەی ماڵانیش لە جیاتی نەوتی سپی پشت بە گازی سروشتی ببەسترێت، تەنانەت هەناردەی وڵاتانی تریشی بکەن.