ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاریدا ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەستیی بۆ ژمارەیەک وێستگەی دەنگدان دووبارە بکرێنەوە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریدا دەنگەکانی چەند وێستگەیەک لە سلێمانی، هەولێر، نەینەوا، کەرکووک و سەڵاحەدین و ژمارەیەک پارێزگای دیکەی عێراق بەدەست جیا و هەژمار بکرێنەوە، رۆژی چوارشەممە جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکان لە نەینەواوە دەستپێدەکات. 

 بەپێی راگەیێندراوێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی دووشەممە کۆمیسیۆن بەردەوام بووە لە لێکۆڵینەوە لە تانە پێشکەشکراوەکان و وردبینیکردن لێیان، لەسەر ئەو بنەمایە 108 تانە خراونەتە بەردەم ئەنجوومەنی کۆمیسیاران.

  ئەنجوومەنەکە 86 تانەی رەتکردووەتەوە بەهۆکاری جیاواز، گرنگترینیان نەبوونی بەڵگە، یان بەهۆی ئەوەی پێچەوانەی ماددەی 38ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بوو، کە تانەلێدەر وێستگە و ناوەندێکی دیاری نەکردبوو، یان داوای کردنەوەی سەرجەم وێستگەکانی کردبوو.

هاوکات ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاریدا ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەستیی بۆ ژمارەیەک وێستگەی دەنگدان دووبارە بکرێنەوە، ئەمەش لەسەر بنەمای 22 تانە بووە، کە دابەش بوونە بەسەر پارێزگاکانی ( واست، سلێمانی، نەجەف، هەولێر، نەینەوا، کەرکووک، زیقار، ئەنبار، قادسییە، سەڵاحەددین، بەسرە، بەغدا و بابل)، بەو پێیەی تانەکان بەڵگەیان لەگەڵ بووە. کۆمیسیۆن رۆژی چوارشەممە لە کاژێر 8ی بەیانی تاوەکو 5 ئێوارە دەستدەکات بە جیاکردنەوە و ژماردنەوەی دەستی ئەو وێستگایانەی کە لە ئۆفیسی پارێزگای نەینەوا تانەیان لێدراوە، دواتر وێستگەکانی پارێزگاکانی دیکە.