گرووپێكی نوێی چه‌كداری شیعه‌ مه‌زهه‌ب به‌ ناوی (كه‌تائیب ئه‌لموهه‌ندیس) له‌ عێراق خۆی راگه‌یاند

كه‌تائیب ئه‌لموهه‌ندیس گرووپی چەکداری شیعە: ئێمه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانین، وەک ئاماژەیە بۆ ناوی ئەبو مەهدی موهاندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، کە لە ساڵی ٢٠٢٠ لە هێرشێکی ئەمەریکادا کوژرا.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌و گرووپه‌ نوێیه‌ جه‌ختی كرده‌وه‌، ئه‌وان له‌ ده‌ره‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كاری خۆیان ده‌كه‌ن و ئه‌ركی ئه‌وان جیهادی و به‌رگرییه و ئاماژه‌یان به‌وه‌ داوه‌، ئه‌وان قوتابی جیهاد و رۆژی كۆتایین و قوتابی پۆست و ده‌سه‌ڵات نین‌.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا نووسراوه‌: “له‌سه‌ر رێبازی شه‌هیده‌كه‌مان موهه‌ندیس و باوه‌ڕبوونمان به‌ پڕۆژه‌ی جیهادی و به‌رگری، بۆتان راده‌گه‌یه‌نین كه‌ ئێمه‌ پڕۆژه‌یه‌كی جیهادی و به‌رگرین، هه‌روه‌ك شه‌هیده‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌مان ده‌یویست”.

جه‌ختیش كراوه‌ته‌وه‌، “ئێمه‌ ده‌ڵێین: كه‌ پێكهاته‌ نوێیه‌كه‌مان (كه‌تائیب ئه‌لموهه‌ندیس) له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبییه‌ و خۆمان راسته‌وخۆ به‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیرانه‌وه‌ نه‌به‌ستووه‌ته‌وه‌”.

به‌یاننامه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌، “ئێمه‌ قوتابی جیهاد و رۆژی كۆتایینه‌ و قوتابی ده‌سه‌ڵات و پۆست نین، ئه‌ركی ئێمه‌ به‌رگریكردنه‌ له‌ عێراق و سیسته‌می سیاسی عێراق به‌بێ ده‌ستوه‌ردان له‌ بڕیاره‌كانی ده‌وڵه‌ت و ده‌بینه‌ ده‌ستێكی گورزوه‌شێن بۆ پارێزگاریكردن له‌ ئاسایش و سه‌قامگیری شانبه‌شانی سوپای عێراق و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی”.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، “دواتر بڕیار و كاروباره‌كانمان تایبه‌ت به‌ سه‌ربازه‌ پاڵه‌وانه‌كانمان بۆتان راده‌گه‌یه‌نین، هه‌روه‌ها سه‌ركرده‌كانمان و هه‌موو ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌و پێكهاته‌وه‌ هه‌یه‌ ئاشكرا ده‌كه‌ین”.

له‌ 3ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری ساڵی 2020، ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری پێشووی سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، له‌گه‌ڵ قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی پێشووی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران له‌ هێرشێكی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی ئه‌مه‌ریكادا له‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا كوژران.