دیوانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران: ئاماده‌كاری بۆ به‌ڕێوه‌چوونی یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ ده‌كرێت

دیوانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئاماده‌كاری ده‌كه‌ن بۆ به‌ستنی یه‌كه‌م دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، دوای كۆتایی هاتنی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی (10ـی تشرینی یه‌كه‌م)ـی رابردوو و په‌سندكردنی ئه‌نجامه‌كان و به‌شداریكردنی نوێنه‌رانی نوێ.

به‌یاننامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، سیروان عه‌بدوڵڵا سیرینی، سكرتێری گشتی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، سه‌رۆكایه‌تی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی ئه‌نجومه‌نی ناوبراو كرد، تێیدا گفتوگۆ له‌باره‌ی به‌ستنی یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كرا.

راشیگه‌یاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ تیشك خرایه‌ سه‌ر ئالیه‌تی به‌ستنی یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و هه‌ماهه‌نگی كردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و رێكخستنی ئاسایشی ناو ئه‌نجومه‌ن و بانگهێشتكردنی میوانانی ده‌ره‌وه‌ و ناوخۆی عێراق.

روونیكرده‌وه‌، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا باس له‌ به‌رنامه‌ی كاری یه‌كه‌م دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كراوه‌، جیا له‌وه‌ش چۆنییه‌تی پێشوازیكردن له‌ ئه‌ندامانی تازه‌ی ئه‌نجومه‌ن و ئاماده‌كردنی هۆڵه‌كه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ دادوه‌ر جه‌لیل خه‌له‌ف، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی كۆمیسیاران له‌ كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگه‌یاند، ده‌ستكراوه‌ به‌ چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ سكاڵا و ئه‌و گله‌ییانه‌ی كه‌ قه‌واره‌ و حزب و هاوپه‌یمانێتییه‌كان پێشكه‌شیان كردووه‌، له‌ كاتی كۆتایی هاتنی، كۆمیسیۆن ده‌ره‌نجامه‌ كۆتاییه‌كان له‌ دادگا په‌سند ده‌كات.

9.6 ملیۆن عێراقی به‌شداریان له‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی (10ـی تشرینی یه‌كه‌م) كرد، له‌به‌رامبه‌ردا 24 ملیۆن عێراقی مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو، كه‌ چاودێران پێیان وایه‌ هه‌ندێ هاوپه‌یمانێتی كه‌ میلیشیاكانی نزیك له‌ ئێران له‌ پشتیانه‌وه‌ بوون، ده‌نگی پێویستیان به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌، ئه‌وان پێیان وایه‌ له‌ لایه‌ن گه‌لانی عێراقی سزا دراون، چونكه‌ خاوه‌نی ئه‌جێندای ده‌ره‌كی بوون.

له‌به‌رامبه‌ردا ژماره‌یه‌ك پارت و هاوپه‌یمانێتی ره‌سه‌نی عێراقی ئه‌مجاره‌ كورسی پێویستیان به‌ده‌ستهێناوه‌ و بووه‌ته‌ هۆكاری ناكۆكی له‌ نێوانی ئه‌و دوو هه‌ژموونه‌، كه‌ ره‌نگه‌ له‌ داهاتوودا له‌كاتی پێكهێنانی حكومه‌ت كێشه‌ و گرفت دروست ببێت.