عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
کورتەفیلمی (دوو هەزار دینار) کە لە داڕشتنەوە و دەرهێنانی بۆتان ئیبراهیمە و باس لە پەیوەندی نێوان باوک و منداڵ دەکات، بڕیارە مانگی نیسانی 2026 لە کەلار نمایش بکرێت.
بۆتان ئیبراهیم، دەرهێنەری ئەو کورتە فیلمە بۆ هەولێر گوتی: کورتە فیلمی “دوو هەزار دینار”، لە دەرهێنان و داڕشتنەوەی منە و هەر یەکە لە سەردار نۆڕێ و شایار سەردار ڕۆڵی لەم فیلمە دەبینن، یاریدەدەری دەرهێنەر، حوسێن عەبدوڵڵا عەزیزە و سەرپەرشتیاری هونەری، زیاد محەمەد عەلییە و ئارایشت لەلایەن جەیلان مەجید جێبەجێکراوە.
بۆتان ئیبراهیم ئاماژەی پێدا: کورتەفیلمی “دوو هەزار دینار”، باس لە پەیوەندی باوک و منداڵ دەکات، وەک بەرهەمێکی کۆمەڵایەتی و خێزانی ئامادەکراوە، کە تیشک دەخاتە سەر پەیوەندی نێوان باوک و منداڵ و ئەو بیرکردنەوە و کێشە دەروونییانەی کە بەهۆی باروودۆخی جیاواز لە ژیانی ڕۆژانەدا درووست دەبن.
ئەو دەرهێنەرە باس لە ئامانجی بەرهەمهێنانی ئەو کورتەفیلمە دەکات و دەڵێت: ئامانج لە درووستکردنی ئەم کورتەفیلمە پیشاندانی کێشە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکانە بە شێوەیەکی هونەری، هەروەها پشتگیریکردنە لە گەشەکردنی فیلمسازی لە ناوچەی گەرمیان.

