رۆژنامەی ھەولێر

لە کەرکووک، شانۆگەری (لەودیو دەرگا داخراوەکانەوە) نمایشکرا

عەبدولغەفار عەبدوڵا

گرووپی شانۆی هەوار، شانۆگەری (لەودیو دەرگا داخراوەکان)، کە لە سینۆگرافیا و دەرهێنانی نەژاد نەجمە، لە نووسینی مەلاک ئەحمەدە و هەریەکە لە سەلام زەنگەنە و دارا عزەددین ڕۆڵی تێدا دەگێڕن، لە کەرکووک لە سەنتەری ڕۆشنبیری بە ئامادەبوونی خەڵکێکی زۆر نمایشکرا.

نەژاد نەجم، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە دەربارەی نمایشکردنی ئەو بەرهەمە نوێیەیان بۆ هەولێر گوتی: ئەو شانۆگەرییە لە فەزایکی ئازاددا بەرهەممان هێناوە، کارەکە بە زمانی عەرەبییە و بانگهێشتکراوە بۆ وڵاتەکانی ئوردن و تونس، دواتر لە شارەکانی کوردستان نمایشی دەکەین، هەروەها لەچەند شوێنێکی تریش بانگهێشتکراوە وەکوو مەغریب و میسر، ئامادەکاری دەکەین بۆ ئەوەی لەچەند وڵاتێک ئەو شانۆگەرییە نمایش بکەین.”
نەژاد نەجم ئاماژەی بەوەشدا: شانۆگەرییەکە باس لەودیو دەرگاکان دەکات کە چی دەگوزەرێت، باس لە بابەتە هەستیارەکانی سەردەمی ئێستا دەکات، که چەندین کاری نەشیاو و تووندوتیژی رووبەڕووی خەڵکانێکی بێ تاوان دەبێتەوە، واتە باس لە هەموو بابەتە نائەخلاقییەکان دەکات، ئەو کارە دەرچوونە لە توونڕەوی ئینسان، کە کۆمەڵگە چی بەسەر ئینسانێکی پاک و بێگەرددا دەهێنێت، دواتر دەبێتە کەسێکی تووندوتیژ، بەڵام ئینسان بە پاکی لەدایک دەبێت، ناچار بەکاری تووندوتیژی دەکرێت و دەبێتە کەسێکی ناتەندرووست لە کۆمەڵگەدا.”