سەردار ئەکرەم/ بەریتانیا
لە مێژووی فەرهەنگ و پەروەردەی نەتەوەیەکدا، کەسانێک پەیدا دەبن کە تەنها وەک فەرمانبەر یان هونەرمەند نامێننەوە، بەڵکو دەبنە بەشێک لە یادەوەریی نەوەیەک و ڕێچکەی ژیانی زۆر کەس دەگۆڕن. مامۆستا سەردار ئەحمەد، ئەو ناوە درەوشاوەیەی مۆسیقا و پەروەردەی کوردستان، یەکێکە لەو مامۆستاو هونەرمەندە دەگمەنەی کە تەمەنی خۆی لە نێوان “ئاوازی فلوت” و “تەختەی شانۆ”دا بەسەر برد، تا تۆوی هونەر و مرۆڤایەتی لە دڵی منداڵان و لاواندا بچێنێت.
زۆرینەی خەڵک مامۆستا سەردار وەک میوزیکژەنێکی لێهاتوو و یەکێک لە دامەزرێنەرانی تیپی مۆسیقای باواجی دەناسن، بەڵام ڕەهەندە هەرە گرنگەکەی ژیانی ئەو، خزمەتە بێوچانەکەی بوو لە کایەی پەروەردەدا. ئەو تەنها مامۆستای مۆسیقا نەبوو، بەڵکو ڕێبەرێکی ڕۆحی بوو کە بەشی چالاکیی هونەریی پەروەردەی کردبووە مەڵبەندێک بۆ دۆزینەوە و گەشەپێدانی بەهرەی قوتابیان. ئەوانەی لە نزیکەوە مامۆستا سەردار ئەحمەدیان بینیوە، کاتێک وەک سەرپەرشتیاری هونەری لە پەروەردەی کۆیە،سەردانی قوتابخانەکانی دەکرد، تەنها وەک بەرپرسێکی ئیداری نەدەهاتە ناو_پۆلەکان. ئەو بە بزەیەک و بەو چاوە پڕ لە میهرەبانییەیەوە، دەبووە هاوڕێی مامۆستاکان و هاندەری قوتابییەکان.
هەرچەندە پسپۆڕیی سەرەکیی مامۆستا سەردار لە مۆسیقادا بوو، بەڵام تێگەیشتنی ئەو بۆ “هونەر” وەک گشتێکی یەکگرتوو، وای لێ کردبوو کە بایەخێکی بێوێنە بە شانۆی قوتابخانە بدات. ئەو بڕوای وابوو کە شانۆ باشترین ئامرازە بۆ بنیادنانی کەسایەتیی منداڵ، چونکە تەختەی شانۆ متمانە بەخۆبوون و توانای دەربڕین بە منداڵ دەبەخشێت. یەکێک لە بەڵگە زیندووەکانی ئەم دڵسۆزییە، ئەو یادەوەرییە پڕ بایەخەیە کە ئەوکاتەی دەورەی ڕاهێنانی مامۆستاتیم هەبوو “ڕۆژێک مامۆستا سەردار بە سەردان هاتە قوتابخانەکەمان، من ئەو کاتە خەریکی ڕاهێنانی چەند قوتابییەک بووم بۆ نمایشێکی شانۆیی. کاتێک گوێی لە دەنگمان بوو، هاتە ژوورەوە و بەوپەڕی پەرۆشییەوە لەگەڵمان دانیشت و باسی لە گرنگیی شانۆ کرد لە پەروەردەکردنی نەوەی نوێدا. ئەو دەیگوت: ‘شانۆ قوتابخانەیەکی گەورەیە کە تێیدا منداڵ فێری بوێری و گفتوگۆ دەبێت.’ پاشان لە جانتاکەی چەند تێکستێکی شانۆیی پەروەردەیی دەرهێنا و پێی دام، وتی: ‘حەز دەکەم کار لەسەر ئەم تێکستانە بکەیت.’ ئەو ساتە بۆ من و قوتابییەکانم وەرچەرخانێکی گەورە بوو.
مامۆستا سەردار ئەحمەد ساڵی ٢٠١٩، بە جەستە ماڵئاوایی لێ کردین، بەڵام ئەو وەک “مامۆستای نەوەکان” لە یادەوەریی بواری پەروەردە و هونەری ئەم وڵاتەدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە. ئەو نەک هەر بە ئاوازەکانی، بەڵکو بەو هەزاران قوتابی و مامۆستایەی کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەریی لێ وەرگرتووە، لە ناخی
کۆمەڵگە و فەرهەنگەکەماندا بەشدارە.
کورتەیەک لە ژیاننامەی مامۆستا سەردار ئەحمەد
• لەدایکبوون: ١٩٤٥، شاری کۆیە
• کاروانی هونەری: یەکێک لە دامەزرێنەرانی تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە (١٩٥٣) و سەرپەرشتیاری هونەری لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی کۆیە بووە.
• کۆچی دوایی: ساڵی ٢٠١٩

