رۆژنامەی ھەولێر

سامان هیدایەت پەیکەری سەرکەوتن پێشکەش بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات

شیڤان شێرزاد – هەولێر

هونەرمەندی پەیکەرساز “سامان هیدایەت” بۆ پشتیوانیکردن لە شۆڕشی کوردانی ڕۆژهەڵات پەیکەرێکی نوێ لە وڵاتی ئەڵمانیاوە بە ناوی “سەرکەوتن” بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست دەکات.

“سامان هیدایەت” لە بارەی پەیکەرە نوێیەکەیەوە بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند؛ وەک هەڵوێستێکی نیشتمانی و هەستکردن بە ئازاری خوشک و برایانمان لە کەرتێکی دیکەی کوردستان، کە ئێستا سەرقاڵی نووسینەوەی داستانێکی نوێن لە مێژوویی کوردایەتیدا، هەڵسام بە دروستکردنی پەیکەرێک لە مادەی گەچ و بۆرەک بە قەبارەی ٥٠ بە ٢٠ سانتیمەتر، کە گوزارشت لە قوربانیدان و بەرخۆدان و خوێنی هەزاران شەهیدی سنە و مهاباد و سەقز و بانە و مەریوان دەکات.
گوتیشی: ڕۆژی ئازادی ئەو ناوچەیە نزیکە و دڵنیام خوێنی ژینا بەفیڕۆ نەڕۆیشتووە و ئەو شۆڕشەی ئەو دەستی بۆ برد لەژێر ناونیشانی ژن ژیان ئازادی ئێستا لە خەونەوە دەبێت بە ڕاستی و کوردانی ڕۆژهەڵات دەتوانن ئازادی گەلەکەیان بەدەست بێنن و پێ بنێنە نێو قۆناغێکی نوێ لە مێژوودا.