رۆژنامەی ھەولێر

گەورەترین کەرنەڤاڵی هونەری بەبۆنەی جەژنی نەورۆز لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت

شیڤان شێرزاد – هەولێر

بڕیارە ٢١ـی ئادار ئەمساڵ، کە یەکەم ڕۆژی جەژنی نەورۆزە، گەورەترین کەرنەڤاڵی هونەری گۆرانی و ئاوازی کوردی لە شاری بۆنی وڵاتی ئەڵمانیا بە بەشداری هەریەک لە هونەرمەندان (شڤان پەروەر، نازدار جەزیری، ئەیوب عەلی، حەسەن شەریف، غەزەل، هۆزان دینۆ، گارە سازگار، هانی موجتهدی، ڕۆژهات جەزیری، ئازاد فەقێ) و چەند هونەرمەندێکی دیکە لە کاتژمێر ١٢ـی نیوەڕۆ بە کاتی هەولێر بە بە درووشمی “ئازادی برایەتیا کوردان” بەڕێوە بچێت.

کەرنەڤاڵەکە لەلایەن چەند کۆمپانیایەکی هونەری و بە سپۆنسەری کەی ئێم کەی ڕێکخراوە و پەیامی هونەرمەندانیش لە بارەی سازکردنی ئەو کەرنەڤاڵه هونەرییه پشتیوانیکردنە لە خەبات و بەرخۆدانی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە دەمێکە تێنووی ئازادین.
“شڤان پەروەر” وەک پێشمەرگە و هونەرمەندێکی بە هەڵوێست و بەشدار لە پرسە نەتەوایەتیەکاندا دەڵێت: بەشداربوونمان لەم پڕۆژە هونەرییەدا پشتگیرییە بۆ کوردانی سنە و مەریوان و سەقز و بانە و کرماشان و مهابادی شاری شاعیرانی مەزن، کە ئێستا ئەوان بە خوێنی سووری خۆیان خەریکی نووسینەوەی داستانێکی نوێن لە مێژووی شۆڕشەکانی نەتەوەکەمان لە پێناو ئازادی، بۆیە ناکرێت ئەوان کڵپەی ئاگر لە دڵی دایکانی شەهید هەڵسێت و ئێمەی هونەرمەند وەک توێژێکی بەرچاوی نێو کۆمەڵگا بێدەنگ بین، گەر نەتوانین بە چەک بەشداربین لەگەڵیان بە هونەر پشتیوانی لە داخوازییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، کە تەنیا خەونیان گەیشتنە بە ئازادی و مافە ڕەواکانیان وەک نەتەوەیەک.
بۆیە لەگەڵ دەستەیەک لە هونەرمەندە دیارەکانی چوار پارچەی کوردستان بڕیارمانداوە نەورۆزی ئەمساڵ بکەین بە دوو جەژن لە شاری بۆنی ئەڵمانیا، جەژنێک بۆ ئازادی ڕۆژهەڵات، جەژنێک بۆ تەواوی کوردانی جیهان و لەوێشە موژدەی ئازادی سەرکەوتنی شۆڕشی ڕۆژهەڵات ڕابگەیەنین.