رۆژنامەی ھەولێر

سورەیا کەریم زادە: دەمەوێ ڕۆڵی ژن لە میوزیکی کوردیدا بەرز بنرخێنم

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

 

سورەیا کەریم زادە، خانمە گۆرانیبێژ و میوزیکژەن، لە لێدوانێکی دا بۆ (هەولێر) تیشک دەخاتە سەر کارە هونەرییەکانی و باس لە پڕۆژەی نوێی خۆی دەکات و رایگەیاند: چەندین کارم لەبەر دەستە، ئەوانیش دووبارەکردنی بەیتێکە بە دانانی مۆسیقا، چونکە بەیت بەبێ مۆسیقا بووە لە کۆندا، کە ئەوە کارێکی زۆری دەوێ، هیوادارم بتوانم لەمساڵدا بڵاویبکەمەوە.

سورەیا کەریم زادە، خانمە گۆرانیبێژ و میوزیکژەن، دەربارەی پەیامی کارە هونەرییەکانی خۆی گوتی: ئامانجی من لە کاری هونەری دا، گەیاندنی پەیامی خۆمە بەگوێی کۆمەڵگەدا و دەمەوێ ڕۆڵی ژن لە میوزیکی کوردیدا بنوێنم، کە چۆن ژن بە پێی ئەو بەربەستانەی ڕووبەڕووی بۆتەوە ڕەنگە نەیتوانیبێت بەو جۆرەی کە پێویستە ببیندرێت، بۆیە ئەرکی ژنە گۆرانیبێژەکان زۆر کاریگەری باشی لەسەر کۆمەڵگە و میوزیکی کوردی هەیە
سورەیا کەریم زادە گوتیشی: زیاتر ستایلی من کاری رەسەن و فۆلکلۆرە، یەکێک لە تایبەتمەندی ئەو ستایلە ئەوەیە کە ناهێڵێت فۆڕمی کوردی بفەوتێ و ئێمەی گۆرانیبێژ دەبێ هەوڵ بدەین نوێگەری تێدا بکەین بەبێ ئەوەی لە رەسەنایەتیەکانی کەم بکەینەوە.
ئەو خانمە هونەرمەندە باس لە گرنگی میوزیکی کوردی دەکات و دەڵێت: میوزیکی کوردی بە چەندین بەش دابەش دەکرێت و دەتوانین ناوی ئەو بەشانە بنێین فۆڕم، زۆربەی ئەو فۆڕمانە بۆ ئەرکێکی دیاریکراو دیاری کراون، ئێمە فۆڕمی حەیرانمان هەیە کە پەیوەندی بە ژیانی ڕەوەندییەوە هەیە یان فۆڕمی سیاچەمانەمان هەیە یان چەمەری و هۆرە و زۆر فۆڕمی دیکەش، ناسینەوەی ئەوانە زۆر ئاسانە و گوێگر بە بیستنی دەزانێ ئەوانە کوردین، نەک عەرەبی و فارسی و تورکین، واتە ئەوانە هەڵقوڵاوی کولتوور و ژیانی مرۆڤی کوردین نەک مرۆڤی گەلانی تر، کەواتە میوزیکی کوردی هەیە و لە هەندێک فۆڕمی موسیقاییدا بە ئاشکرا ئەوە دەبینرێت، زەحمەتە کەسێک گوێ بگرێ لە هونەرمەندانی وەکو حەسەن زیرەک و ماملێ و عەلی مەردان، نەزانی ئەوە ڕۆحێکی کوردانەی هەیە، لە هەندێک شوێندا گۆڕانیبێژی کورد تەنانەت میلۆدی لە دراوسێکان وەرگرتووە، ئەوەیش شتێکی ئاساییە، هەموو میللەتانی جیهان میلودیان لەیەکتری بە قەرز وەرگرتووە، بەڵام کاتێک میلۆدیەکەیان بە زمانی کوردی گوتووەتەوە، تەنیا وشە یان زمانەکە نەگۆڕاوە، بەڵکو شێوەی داڕشتنەوەکەیش کوردانە بووە و بە تەواوی تام و چێژی ئەو میلۆدیە گۆڕدراوە، ئەوەیش تەنیا لە دەسەڵاتی نەتەوەیەک دایە کە کولتوورێکی مۆسیقایی زۆر بەهێزی هەبێت.
سورەیا کەریم زادە ئاماژەی بەوە دا: بەبڕوای من هەر فۆڕمێک لە خوێندن ئالێنگاری خۆی هەیە، بەڵام لە نێو جۆری خوێندن “بەیت” دووبارەکردنەوەی هەندێک جیاوازە و دەبێت ڕاوێژ و ڕیتمەکەی زۆر بە ووردی کاری لەسەر بکرێت، چونکە ئێمە لەسەرەتای مۆسیقا و هونەری کوردی بەیتمان هەبووە، بۆیە ئێمە ئەرکێکی دیکەمان بۆ زیاد بووە ئەویش ئەوەیە کە نەهێڵین ئەو گەنجینەیە بفەوتێ.
سورەیا کەریم زادە باس لە بەکارهێنانی میوزیکی وڵاتانی بێگانە دەکات و دەڵێت: هەر چەندە بۆ ئەو بارودۆخە، نەتەوەکانی وەکو فارس و تورکیش خەریکن بەشێوەیەکی زێدەڕۆیانە میلۆدی وڵاتانی بیانی وەردەگرن و دەیهێننە ناو مۆسیقای خۆیانەوە، واتە ئەوە تەنیا کێشەی کورد نییە، بەڵکو کێشەکە بەستراوەتەوە بە هەمووانەوە، من ئاگاداری مۆسیقای عەرەب نیم، ڕەنگە لەوانیشدا ئەو گرفتە هەبێت، بۆیە من دەڵێم هونەر گەورەترین گۆڕەپانی شەڕە و ئێمە دەبێ کارەکتەری خۆمان دیاری بکەین.
ئەو خانمە هونەرمەندە باس لەوە دەکات، من کە دەمەوێت بەرهەمێکی هونەری تۆمار بکەم، سەرەتا بیر لەوە دەکەمەوە کە گوێگر ئاشنای میوزیکی کوردی بکەم، هەروەها کارێکی فۆلکلۆر و ڕەسەن پێشکەش بکەم و ئەو کێشانەی لە شێوازی خوێندنی مۆسیقای ژناندا هەیە پڕبکەمەوە، بۆیە لێرەدا هەم تێکست گرنگە، هەم هەڵبژاردنی جۆری ئاوازەکە، چونکە دەبێ بەو بیرۆکەیە کاری زۆری تێدا بکەی، چونکە تەنیا بۆ ئەمڕۆ نییە، بەڵکو بۆ داهاتووش دەمێنێتەوە.
لەکۆتایی قسەکانیدا، سورەیا کەریم زادە، باس لە پڕۆژەی نوێی هونەری خۆی دەکات و دەڵێت: پڕۆژەی نوێم هەیە و چەندین کارم لەبەر دەستە، ئەوانیش دووبارەکردنی بەیتێکە بە دانانی مۆسیقا، چونکە بەیت بەبێ مۆسیقا بووە لە کۆندا، کە ئەوە کارێکی زۆری دەوێ، هیوادارم بتوانم لەمساڵدا بڵاویبکەمەوە.
سورەیا کەریم زادە، خانمە گۆرانیێژ و میوزیکژەن، خەڵکی شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، هەر لە منداڵییەوە خولیای مۆسیقای کوردی بووە و لە تەمەنی 15 ساڵیدا خەریکی گۆرانیبێژی بووە و یەکەم بەرهەمیشی دووبارەکردنەوەی کارێکی رەسەن بوو.