شیڤان شێرزاد – هەولێر
ئەکتەر و دەرهێنەری بە ئەزموون “جەوهەر ئەنوەر” لە دوای پێشکەشکردنی چەندین شاکاری هونەری بەتایبەت لە بواری دراما، نوێترین کاری هونەری خۆی بۆ ڕەمەزانی ئەمساڵ لە لێدوانێکی تایبەتی “هەولێر”ـدا ڕاگەیاند: کە زنجیرە درامایەکی تایبەتە و ١٥ ئەڵقەی لەخۆوە گرتووە و لەژێر ناوی “بکوژ”ـە و دەستەیەک لە هونەرمەندانی بە ئەزموونی بواری سینەما و شانۆ و دراما تێیدا بەشدارن.
“جەوهەر ئەنوەر” لە ئاخاوتنەکەیدا تیشکی خستە سەر ناوەڕۆکی ئەو بەرهەمە درامییە و گوتی: ئەڵقەکانی ئەو زنجیرە درامایە سەربوردەی بەشێکی زۆر لە خانەوادەکانە و گرفتی تاکی کوردی لەخۆوە گرتووە، تەنانەت عەشق و دڵداری و کۆمێدیا و چیرۆکەکانی بەیەک نەگەیشتن و هەژاریش بووەتە مەسەلەیەک لە ئەڵقە جیاوازەکانی ئەو درامایە و لەگەڵ کەناڵی “نیولاین”ـیش ڕێکەوتووین، کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پەخش بکرێت، هەروەها تەواوی ئەڵقەکانی ئەو زنجیرە درامایە جارێکیتر لە پلاتفۆرمەکاندا بڵاودەکەینەوە بۆ ئەوەی بینەری کورد لە بینینی دراماکەدا بێبەش نەبن.

