رۆژنامەی ھەولێر

ڕووبار ڕەشید: یەکەم ئافرەتی کاکەییم لــــــە هەرێمی کوردستان دەستم بە هونەری گۆرانی کردووە

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

ڕووبار ڕەشید، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، لەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا، تیشک دەخاتە سەر کارە هونەرییەکانی و باس لە نوێترین پڕۆژەی هونەری خۆی دەکات و دەڵێت: لە ئێستادا خەریکی کارێکی دیکەی نیشتمانیم کە هونراوەی جەمال نەورۆڵییە و ئاواز و کاری دابەشکردنی میوزیکی لەلایەن ئازار ڕەفعەت بۆ دەکرێت.

باسێکی کار و چالاکییە هونەرییەکانت بکە؟
من لە ساڵی 2020 بە شێوەیەکی فەرمی یەکەم کاری هونەری خۆم بڵاو کردەوە بەناوی “هاواری کاکەیی”، کە بە زاراوەی ماچۆ بوو، کە زاراوەی تایبەتی کاکەییەکانە، بەرهەمەکە تایبەت بوو لە سەر ئەو کارەساتانەی کە بەسەر ئێمەی کاکەیی هاتبوو لە شەهید کردن و برینداربوونی خەڵکی ئێمە و ماڵوێرانیمان بەتایبەت لە سنوورەکانی حکوومەتی عێراق، هەروەها تا ئێستا، 13 کاری هونەریم کردووە کە دوو لەوانە لە سەر ئاستی عێراق و جیهان دەنگدانەوەی هەبووە ئەوانیش، هاواری کاکەیی، لەگەڵ گۆرانی کەرکووک بوو، کە بە چوار زمان چڕیومە بۆ برایەتی و پێکەوەژیان، کە بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی عێراق، هونەرمەندێک بەچوار زمانی کوردی و عەرەبی و تورکمانی و سریانی ئەو کارەی کردبێت، دوو لە بەرهەمەکانی م، جگە لە کوردستان و عێراق، بگرە لە جیهانیشدا باسکرا، ئەویش هاواری کاکەیی و گۆرانی کەرکوک بووە، هەروەها من یەکەم ئافرەتی نێو کاکەییم لە باشووری کوردستان دەستم بە هونەری گۆرانی کردووە.

گۆرانی و میوزیکی کوردی هەژارە؟
گۆرانی و میوزیکی کوردی هەژار نییە، بەڵام لە ئێستادا هەژار بووە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو ئەوە دەبینین کە میوزیکی کوردی زۆر جوانمان هەیە، من بۆ خۆم زۆربەی کاتەکان چێژ لەو میوزیکە کۆنانەی کوردی وەردەگرم، هەروەها گۆرانی و میوزیک ئارام کەرەوەیە بۆ مێشک و بیری مرۆڤەکان، من گەر کاتێک خەمێکم هەبێت گوێ لە گۆرانی یان میوزیک دەگرم.

بۆچی لەزۆربەی گۆرانییە کوردییەکان، ئاواز و میوزیکی بیانی بەکاردەهێنرێت؟
دەربارەی بەکارهێنانی میوزیکی ناوخۆیی و بیانی، ڕووبار ڕەشید دەڵێت: من بۆ خۆم تا توانیومە هەوڵمداوە کە میوزیکی بیانی بەکار نەهێنم، چوونکە ئەگەر ئەوە بکەین خۆمان بە دەستی خۆمان هونەری خۆمان لە نێو دەبەین، بەداخەوە ئێستا کەمتر کارەکان بە ئاوازی کوردی دەکرێن، هۆکارەکەی ڕەنگە زۆر سەخت نەبێت، خاڵێکیان ئەوەیە کە ئەو ئاوازدانەرانەی پێشووتر هەبوون، نەماون لە ژیان یان دوورکەوتوونەتەوە لە گۆڕەپانەکە، خاڵێکی دیکەیش هاتنی خەڵکێکی بە لێشاوە، بەو پێیەی کوردستان ئارامە و تێیدا نیشتەجێبوونە، کە ئەو خەڵکانەش کورد نین، من بۆ خۆم بەردەوام هەوڵم داوە ڕەسەنایەتی کوردی بپارێزم، ئەگەر بە ئامێریکیش بێت لەنێو بەرهەمەکەمدا دەبێت هەبێ.

وەک هونەرمەندێک، چیت پێشکەش بە ڕۆژئاوای کوردستان کرد؟
من وەک هونەرمەندێک هەمیشە لەخەمی نیشتمان خاکەکەم بوومە، بە گۆرانییەک بەناوی “منی کورد” پشتگیریم لە کوردانی رۆژئاوا کرد، جگە لەوەیش چەندین هوکاریم گەیاند کە بە ئەرکی خۆمی دەزانم، ئەوەی کە خۆمان لە ماڵەوە دەیخۆین بەوە هاوکاریم ناردووە بۆ برا و خوشکەکانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان.

پڕۆژەی نوێت چییە؟
دوو پڕۆژەی دیکەم هەیە کە یەکێکیان لە سەر کاکەییەکانە، کە کاری تۆماری دەنگ و میوزیکی تەواو بووە، هەروەها لە ئێستادا خەریکی کارێکی دیکەی نیشتمانیم کە هونراوەی جەمال نەورۆڵییە و ئاواز و کاری دابەشکردنی میوزیکی لەلایەن ئازار ڕەفعەت بۆ دەکرێت.
ڕووبار ڕەشید، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، کاکەییە و دانیشتووی شاری کەرکووکە، لە ساڵی 2020 بەشێوەیەکی فەرمی دەستی بەکاری هونەری کردووە، خاوەنی چەندین بەرهەمی گۆرانییە و زۆربەی گۆرانییەکانی بۆ نیشتمان و خەڵکەکەی خۆی کە کاکەییە گوتویەتی.