رۆژنامەی ھەولێر

یەدوڵڵا محەممەدی ماڵئاوایی لە ژیان کرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە، کوردستان یەکێک لە دەنگە هەرە ڕەسەن و نۆستاڵژیکەکانی مۆسیقای فۆلکلۆری لەدەست دا.

هونەرمەند یەدوڵڵا محەممەدی، یەکێک لە پێشەنگانی مۆسیقای ڕەسەنی کوردی، لە تەمەنی 67 ساڵیدا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە بە شێوەیەکی کتوپڕ کۆچی دوایی کرد.

یەدوڵڵا محەممەدی لە ساڵی 1958 لە شاری سنە لەدایک بوو. ئەو لەو نەوەیە بوو کە لە سەرچاوە ڕەسەنەکانی مۆسیقا تێرئاو بوون؛ لە قوتابخانەی مامۆستای مەزن “حەسەن کامکار” فێری بنەماکانی مۆسیقا بوو و هاوسەردەمی هەردوو قەڵای بەرزی مۆسیقای کوردی، “مەزهەر خالقی” و “حەسەن زیرەک” بووە.

یەکێک لە شانازییە هەرە دیارەکانی ژیانی هونەریی محەممەدی ئەوەیە کە وەک یەکەمین هونەرمەندی کورد، مێژووی تۆمار کردووە بە پێشکەشکردنی بەرنامەی هونەری لەگەڵ “ئۆرکێسترای گەورەی ڕادیۆ تاران”.

ئەم هونەرمەندە لە ماوەی چالاکییەکانیدا 78 گۆرانیی ناوازەی تۆمار کردووە، کە هەریەکەیان وەک شاکارێکی فۆلکلۆری لە ئەرشیفی مۆسیقای کوردیدا پارێزراون.

محەممەدی کە پیشەی مامۆستا بوو و خانەنشین ببوو، هەرچەندە لە ساڵانی کۆتایی تەمەنیدا بەهۆی هەندێک کێشەی تایبەتییەوە لە تۆمارکردنی بەرهەمی نوێ و ناوەندە هونەرییەکان دوورکەوتبووەوە، بەڵام هەرگیز لە دڵی هونەردۆستان دەرنەچوو.