رۆژنامەی ھەولێر

ڕێژوان مەرجان کلیپێکی ئایینی بڵاودەکاتەوە

شیڤان شێرزاد – هەولێر

هونەرمەند “ڕێژوان هونەر مەرجان” دوا بەرهەمی هونەری خۆی گەیاندە ڕۆژنامەی “هەولێر”، کە گۆرانییەکی تایبەتە بە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز و لە پێشووتريشدا ئەو بەرهەمە بە دەنگی هونەرمەند “سامی یوسف” تۆمار کراوە.

ئەو بەرهەمە بە ناونیشانی “یا ڕەسوڵ”ـە و “ڕێژوان” لەگەڵ خانەوادەی مەرجان، کە پێکهاتوون لە دەستەیەک لە هونەرمەند و بەهرەمەندی هەڵکەوتووی هونەری تۆمار کراوە و کاری دەرهێنانیان بۆ کردووە، بڕیاریشە لە ڕۆژانی داهاتوودا لە کەناڵە ئاسمانی و لۆکاڵی و پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیادا بڵاوبێتەوە.
“ڕێژوان هونەر مەرجان” سەبارەت بە کلیپە نوێیەکەی دەڵێت: “وەک هونەرمەندێکی گەنج و دەربڕینی خۆشەویستی خۆم بۆ ئایینەکەم، لەگەڵ مامۆستا “سەرکەوت ڕەسوڵ”، کە کاری دابەشکردنی بەرهەمەکەی گرتە ئەستۆ لە ستۆدیۆی مێرڤان بە هاوکاری خانەوادەی مەرجان، کە پێکهاتوون لە هەریەک لە (ڕەهەند مەرجان و ڕێنوار مەرجان و هێڤار مەرجان و محەمەد مەرجان) میکس و مایسترینگ و سەرجەم کارە هونەرییەکانی ئەو بەرهەمە ئایینیەمان تۆمار کرد و کاری دەرهێنانمان بۆی کرد، تەنانەت سۆڵۆی عودەکەش خۆم کارم بۆیکردووە و ئامانجیش خزمەتکردنی ئایینەکەم و گۆڕانێکە لە فۆڕمی کارە هونەرییەکانی پێشوومدا.