رۆژنامەی ھەولێر

ڕووناک عەزیز: لە ماوەی 15 ساڵدا زیاتر له 50 پێشانگای شێوەکاریم کردووەتەوە

شیڤان شێرزاد – هەولێر

هونەرمەندی نیگارکێش “ڕووناک عەزیز” لە وەڵامی چەند پرسیارێکی ڕۆژنامەی هەولێردا باس لە ئەزموونی خۆی دەکات لە هونەری وێنەکێشاندا و لە ناوەوە و غوربەتدا، کە توانیوویەتی بە سەلیقەی جوانی خۆی لە ١٥ پێشانگای تایبەت و ٥٠ پێشانگای هاوبەشدا بەشداربێت.

دەرەوەی وڵات، چ کاریگەرییەکی کردە سەر هونەری تۆ؟
ڕووناک عەزیز ئاماژەی بەوەدا، سەبارەت بە چالاکی و پێشانگەی هونەری لە سوید و ئەورووپا؛ کاتێک لە ساڵی 2011 هاتمە سوید، لێرە دەستم بە نیگارکێشان کردەوە. بێگومان گۆڕانکاریی شوێن و ژینگە و نامۆبوون کاریگەرییان لەسەرم بوو، بەڵام خۆم بەدەستەوە نەدا (چۆکم دانەدا). جگە لەوەی خەریکی فێربوونی زمانی سویدی بووم، لە سوید بەردەوام بووم لە ئەنجامدانی پێشانگە. بابەتەکە پەرەی سەند تا توانیم تابلۆکانم لە گەلەرییە هونەرییەکانی سوید و وڵاتانی دیکەی وەکو: ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئیسپانیا، نەمسا و فەرەنسا نمایش بکەم و بووم بە ئەندامی کۆمەڵەی هونەرمەندانی شێوەکاری سویدی، هەروەها توانیم شێوازی هونەریی خۆم پەرە پێ بدەم.
هونەری هاوچەرخ لە کوردستان و ئەوروپا چۆن دەبینیت؟
هونەری بینراوی هاوچەرخ، فۆڕمێکی هونەریی مۆدێرنە کە بیرۆکە و پرسەکانی مرۆڤایەتیی هاوچەرخ بە شێوازی هەمەچەشن و داهێنەرانە دەردەبڕێت، ئەمەش بە بەکارهێنانی کەرەستە و تەکنیکە نوێیەکان کە شێوازە تەقلیدییەکان تێدەپەڕێنن. بەگشتی هونەری هاوچەرخی ئەورووپی هەوڵ دەدات ببێتە ئامرازێک بۆ بیرکردنەوە و گفتوگۆ، نەک تەنیا جوانیی بینراو. هونەری هاوچەرخ لە ئەورووپا ئەمڕۆ بەرەو ئەزموونکردن و هەمەچەشنی هەنگاو دەنێت و بە ڕوونی سەرنج دەخاتە سەر پرسە کۆمەڵایەتییەکانی وەک: ناسنامە، کۆچ، ژینگە و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی؛ هەروەها یەکخستنی تەکنەلۆژیای وەک میدیای دیجیتاڵی و زیرەکیی دەستکرد و هونەری کارلێککارانە، لەگەڵ شکاندنی سنوورە تەقلیدییەکانی نێوان نیگارکێشان، پەیکەرسازی، نمایش و ڤیدیۆ.

چەند پێشانگەی تایبەت و هاوبەشت کردووەتەوە؟
لە ماوەی 15 ساڵدا زیاتر له 50 پێشانگەی شێوەکاریم کردووەتەوە. زۆربەی ئەو پێشانگایانە نمایشی تاکەکەسی بوون لە سوید، جگە لە پێشانگەی هاوبەش لەگەڵ هونەرمەندانی سویدی. هەروەها پێشانگەکانم لە گەلەرییەکەوە بۆ گەلەرییەکی تر دەگواستەوە و مەبەستیش ناساندنی هونەرەکەم بوو؛ وەک هونەرمەندێکی کورد لە ڕێگەی تابلۆکانمەوە ویستم فەرهەنگ و كولتووری کوردستان بە گشتی بگەیەنم. یەکێک لە خواستەکانم ئەوەیە بگەڕێمەوە کوردستان و پێشانگایەک ساز بکەم، نازانم کەی، بەڵام هیوادارم زۆر زوو بێت.

سرووشت لای تۆ چی دەگەیەنێت؟
دەڵێت، من سرووشتم خۆشدەوێت، لێرەش بە قووڵی کەوتوومەتە ژێر کاریگەریی دارستانەکان و دیمەنە سیحراوییەکان کە ئیلهامبەخش بوون بۆ هونەرەکەم. پەیوەندیی نێوان سرووشت و هونەر کۆنە و هەمیشە لە پەرەسەندندایە. سرووشت هەمیشە سەرچاوەیەکی سەرەکیی ئیلهام بووە بۆ هونەرمەندان. لە هونەری هاوچەرخیشدا، سرووشت تەنیا لەبەر جوانییەکەی وێنا ناکرێت.