عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
لەچوارچێوەی چالاکییەکانیدا، بەشی سینەما و شانۆی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی هەولێر، کورتەفیلمی “خەیاڵی خەونەکان”، کە لەلایەن رەیان شۆڕش کاری دەرهێنانی بۆ کراوە، بەرهەمهێنرا.
دانا محەمەد، بەرهەمهێنەری کورتەفیلمەکە، دەربارەی بەرهەمهێنانی ئەو کارە نوێیە، گوتی: کورتەفیلمی “خەیاڵی خەونەکان”، بەرهەمهێنەری کارەکە لەلایەن من جێبەجێکراوە و رەیان شۆڕش کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، نوور عومەر یاریدەدەری دەرهێنەرە و کاری دەنگ لەلایەن دیار نەوزاد کراوە، هەریەکە لە مامۆستا ئیدریس و رەیان شۆڕش و ئازا، ڕۆڵی سەرەکی لەو کورتەفیلمە دەگێڕن.
دانا محەمەد گوتیشی: چیڕۆکی کورتەفیلمەکە، باس لە کچێکی گەنجی دەنگخۆش دەکات کە خەونی ئەوەیە ببێتە گۆرانیبێژێکی ناسراو و هەوادارێکی زۆری هەبێت، بەڵام بە هۆی رێگری و قسەی ئەو کۆمەڵگەیەی کە تێیدا دەژی، رێگری لە بەردەم درووست دەبێت و ناتوانیت بگات بە خەونەکەی و هیواکانی ون دەبن، ناچار واز لە خەونەکەی دەهێنێت و دەبێتە قوربانی کۆمەڵگە.
هەروەها، کورتەفیلمی “خەیاڵی خەونەکان” کە رەیان شۆڕش کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، بڕیارە لە مانگی نیساندا، لەچوارچێوەی چالاکییەکانی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی هەولێر نمایش بکرێت.

