رۆژنامەی ھەولێر

بارزان سنجاوی: ئەمجارەیان هیچ درامایەک بە ڕکابەری دوو ماڵ و یەک سەعدی نازانین

شیڤان شێرزاد – هەولێر

دەرهێنەر و سیناریستی پڕۆگرامەکانی “کەنین” و “بەزمی بەزم” چەندین کاری ناوازە شانۆیی و کۆمێدی، لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز سوپڕایزێکی بۆ بینەری کارە هونەرییەکانی هەیە و ڕایدەگەیەنێت، لەم مانگە پیرۆزەدا بەدرێژایی ڕۆژانی ڕەمەزان چاوتان لەسەر کەناڵی دیمەن بێت و بەسەرهات و گاڵتە و گەپی دوو ماڵ و یەک سەعدی بن.

“بارزان سنجاوی” دەرهێنەری درامای دوو ماڵ و یەک سەعدی و چەندین شاکاری شانۆیی و درامی بۆ “هەولێر” گوتی: لە مانگی چواری ساڵی ڕابردوو، یەکەم وەرزی سێتکۆمی دوو ماڵ و یەک سەعدی دەستیپێکرد، ھەموو ھەفتەیەک ڕۆژانی دووشەمە لە کەناڵی دیمەن پەخش دەکرا، سی و یەک ئەڵقە پێشکەشکرا بە سەدان ھەزار بینەری ھەبوو، دوای ئەو سەرکەوتنە گەورەیە، بیرمکردووە بۆ ڕەمەزان سێتکۆمەکە بگۆڕم بۆ زنجیرە دراما، ھەر ھەمان دراما، بەڵام بە چەندین چیڕۆکی جیاواز، بە چەندین بابەتی کۆمیدی و کۆمەڵایەتی و کە پڕە لە بەھا جوانەکانی کورد و دیاردە دزێوەکان، ئەمجارەییان چیڕۆکەکە تەنیا لە چوارچێوەی سەعدی و دوو ژنەکەی نییە، بەڵکو باسی گەڕەکێک دەکات، کە سەعدیش یەکێکە لەو سەرنشینانە، من لێرەوە ڕایدەگەیەنم، لەو مانگەدا ھیچ درامایەک بە ڕکابەری خۆمان نارانین، دەبینە ژمارە یەک.