ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
بە ئامادەبوونی ژمارەیەك بە بەرپرسانی حكومی و ژمارەیەكی دیكە لە هونەرمەندان و هونەر دۆستان، لە ڕێورەسمیكدا مۆزەخانە و گەلەری هونەری (بژار ئەربیلی) كرایەوە.
دوابەدوای دەرگاژەنانە (مەراسیمی كردنەوە)ی مۆزەخانەكە، گەشتێك بە ناو مۆزەخانە و گەلەرییەكەدا ڕێك خرا؛ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر دەستپێشخەرییەکەی هونەرمەند بژار ئەربیلیی ستایش كرد. خۆشناو جەختی لەوە كردەوە كە “ئەم بینا هونەرییە تەنیا گەلەرییەكی وێنە یان شوێنەوار نابێت، بەڵكو دەبێتە بەشێكی دانەبڕاو لە یادەوەریی مێژوویی و كولتووریی هەولێر”؛ پشتیوانی تەواوی خۆیشی بۆ ئەو جۆرە پڕۆژانە دەربڕی كە تیشك دەخاتە سەر میراتە كولتوورییەکەی شارەكە و دۆكیۆمێنتكردنی كاری بەهرە داهێنەرەكانی.
دوای كردنەوە و بەسەركردنەوەی بەشەكانی، پارێزگاری هەولێر، وێڕای پیرۆزبایی، دەستخۆشیی لە هونەرمەند كرد بۆ كردنەوەی ئەو مۆزەخانە و گەلەرییە هونەرییە، كە دەبێتە بەشێكی مێژوویی و كەلتووریی شاری هەولێر و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست.

