رۆژنامەی ھەولێر

زەرین گۆرانییەکی ئەیاز زاخۆیی دەڵێتەوە

شیڤان شێرزاد – هەولێر

هونەرمەندی باکووری کوردستان “زەرین ئەنجۆ” ساڵانێکی زۆرە لە هەولێر نیشتەجێیە و شەوانەش چەندین ئاهەنگی تایبەت ساز دەکات و لە نوێترین بەرهەمی خۆشیدا کۆتایی بە کلیپێکی تایبەت هێنا، کە گوتنەوەی گۆرانییەکی هونەرمەندی کۆچکردوو “ئەیاز زاخۆیی”ـە بە ناونیشانی “من دیت جارا ئەوەلی”، کە یەکێکە لەو بەرهەمە نەمرانەی تا ئەمڕۆش لە دڵی خەڵکی هونەردۆستی کوردستان زیندووە، بەڵام “زەرین” بە ستایلێکی نوێ و گۆڕانکاری لە فۆرمی میوزیکی گۆرانییەکەدا لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیادا بڵاوی کردەوە.

“زەرین ئەنجۆ” لە بارەی بڵاوکردنەوەی ئەو بەرهەمەدا بۆ “هەولێر” دەڵێت: گۆرانی “من دی جارا ئەوەلی” یەکێکە لەو شاکارە جوانانەی کە هەر لە منداڵییەوە بە عەشقەوە گوێم بۆی شل کردووە و تا ئێستاش لە هزری مندا زیندووە، بۆیە هەمیشە لە دوای دەرفەتێک دەگەڕام بە ستایلێکی نوێ کاری بۆ بکەم و جارێکیتر بیخەمەوە بەر گوێ هەوادارانی گۆرانی کوردی.