رۆژنامەی ھەولێر

پۆتیکای نمایش لە شانۆی منداڵاندا لە مێژووەوە تا ئەمڕۆ

شانۆی منداڵان تەنها نمایشێکی سادە نییە بۆ کات بەسەربردن بەڵکو جیهانێکی ئاڵۆز و دەوڵەمەندە کە لەسەر بنەمای پۆتیکایەکی تایبەت بونیاد نراوە و ئەم هونەرە لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە و بۆتە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی پەروەردە و گەشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی منداڵ و لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەین بە وردی تیشک بخەینە سەر ڕەهەندە ئەکادیمی و هونەرییەکانی ئەم بوارە و ئەو کەسایەتییە جیهانییانەی کە شوێن پەنجەیان لەم مێژووەدا دیارە.
ئەگەربێتو باسی مێژووی شانۆی منداڵان بکەین ئەوانەم هونەرە ڕەگ و ڕیشەیەکی قووڵی هەیە و هەرچەندە لە یۆنانی کۆندا منداڵان لە ڕێگەی سەما و لاساییکردنەوەوە بەشدارییان لە هەندێک ڕێوڕەسمدا دەکرد بەڵام وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ لە سەدەی هەژدەهەمدا و بە کاریگەری فەیلەسوفی گەورە ژان ژاک ڕۆسۆ دەستی پێکرد کە تێڕوانینی جیهانی بۆ منداڵ گۆڕی و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە منداڵ بوونەوەرێکی سەربەخۆیە و پێویستی بە زمان و شێوازی تایبەت بە خۆی هەیە و ئەم تێڕوانینە بووە هەوێنی ئەوەی کە شانۆ لە قاڵبە کلاسیکییەکەی دەر بچێت و بەرەو جیهانی خەیاڵ و سادەیی منداڵان هەنگاو بنێت. یەکێک لە دیارترین کەسایەتییە جیهانییەکان کە بە دایکی شانۆی منداڵان دادەنرێت ناتالیا ساتسە کە لە ساڵی ١٩٢١دا لە مۆسکۆ یەکەمین شانۆی پیشەگەری بۆ منداڵان دامەزراند و ساتس بڕوای وابوو کە نمایشی منداڵان دەبێت تێکەڵەیەک بێت لە مۆسیقا و وێنەی جوڵاو و ڕەنگ و ئەو توانی تیۆرییەکانی ستانیسلاڤسکی لەسەر نواندن بە شێوازێکی گونجاو بۆ منداڵان دابڕێژێتەوە و جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە دەبێت نمایشەکە هێندە ڕاستگۆیانە بێت کە منداڵ هەست بە جیاوازی نێوان ڕاستی و خەیاڵ نەکات و لە هەمان کاتدا چێژێکی زۆری لێ وەربگرێت. لە لایەکی ترەوە وینیفرێد وارد کە بە دایکی درامای داهێنەرانە ناسراوە لە ئەمریکا شۆڕشێکی لەم بوارەدا بەرپا کرد و وارد بڕوای وابوو کە شانۆی منداڵان نابێت تەنها لەسەر دەقی نووسراو و لەبەرکردن بوەستێت بەڵکو دەبێت منداڵ خۆی لە ڕێگەی خەیاڵ و جوڵەوە نمایشەکە دروست بکات و ئەم پۆتیکایە کە بە درامای داهێنەرانە ناسراوە یارمەتی منداڵ دەدات کە کەسایەتی خۆی بدۆزێتەوە و متمانەی بە خۆی هەبێت و وارد لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بە ناوی درامای داهێنەرانە باس لەوە دەکات کە پرۆسەی دروستکردنی نمایشەکە گرنگترە لە خودی نمایشەکە بۆ بینەر.
هەروەها پۆتیکای نمایشی لە شانۆی منداڵاندا لەسەر چەند بنەمایەکی سەرەکی بونیاد نراوە کە یەکەمیان زمانە و زمانی شانۆی منداڵان دەبێت سادە و ڕەوان بێت بەڵام لە هەمان کاتدا دەوڵەمەند بێت بە هێما و وێنەی شیعری و بنەمای دووەم لایەنی بینینە کە ڕەنگ و ڕووناکی و دیکۆر تێیدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن و لە شانۆی منداڵاندا دیکۆر تەنها پاش بنەما نییە بەڵکو بەشێکە لە گێڕانەوە و دەبێت هاندەری خەیاڵی منداڵ بێت و بنەمای سێیەم جوڵەیە کە پانتۆمایم و سەمای گوزارشت ئامێز تێیدا جێگەی گفتوگۆی زۆر دەگرنەوە چونکە منداڵ لە ڕێگەی چاو و جوڵەوە زووتر پەیامەکان وەردەگرێت.

لێردا پرسیارێکی جەوهەری دەکرێت ئایا شانۆی منداڵان دەبێت چۆن بێت؟
ئەو پرسیارە جەوهەرییە کە زانایانی وەک جێد دەیڤس و ماری جەین ئیڤانس وەڵامیان داوەتەوە و ئەوان پێیان وایە کە نمایشی منداڵان دەبێت هاوسەنگییەک لەنێوان پەروەردە و هونەردا دروست بکات و نابێت نمایشەکە ببێتە وانەیەکی وشکی قوتابخانە و لە هەمان کاتدا نابێت تەنها بۆ پێکەنین و کات بەسەربردن بێت بەڵکو دەبێت پەیامێکی مرۆیی و ئەخلاقی لە پشت بێت کە بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ بگاتە منداڵ و هەروەها دەبێت ڕێز لە ژیری منداڵ بگرێت و بە کەم سەیری نەکات. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا شانۆی منداڵان بەرەو ئاراستەی شانۆی کارلێکەر یان ئینتەراکتیڤ هەنگاوی ناوە کە تێیدا منداڵ تەنها بینەرێکی بێدەنگ نییە بەڵکو دەبێتە بەشێک لە نمایشەکە و ئەم جۆرە لە پۆتیکا کە لە تیۆرییەکانی بێرتۆڵد برێشت و ئۆگوستۆ بۆالەوە سەرچاوەی گرتووە یارمەتیی منداڵ دەدات کە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەی هەبێت و بتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات و ئەم گۆڕانکارییە نیشانەی ئەوەیە کە شانۆی منداڵان هونەرێکی زیندووە و هەمیشە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەمدا خۆی دەگونجێنێت.

سەردار ئەکرەم/ بەریتانیا