ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
لە سیمینارێكی زانستیدا میتۆدەكانی فێركاری و بنەماكانی ژەنینی ئامێری عود خرانە ڕوو.
پ. ی. د. ئامانج غازی شاكر، لە سیمینارێكی زانستیدا، میتۆدەكانی فێركاری و بنەماكانی ژەنینی ئامێری عودی خستە ڕوو.
سیمینارەكە لە بەشی موزیك، بە ئامادەبوونی مامۆستایانی بەشی موزیك لە كۆلێژی هونەرە جوانەكانی زانكۆی سەلاحەدین بەڕێوە چوو.
پ.ی.د. ئامانج غازی، باسی لە بایەخی ئامێری عود و تەكنیكەكانی ژەنینی ئامێرەكە كرد و ئاماژەی بەوە دا كە عود یەكێكە لە كۆنترین و گرنگترین ئامێرە ژێدارەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خاوەنی مێژووییەكی دەوڵەمەند و شێوازی ژەنینی جۆراوجۆرە.
هەروەها بەراوردی نێوان میتۆدە كلاسیك و مۆدێرنەكانی تەكنیكی فێركاری ئامێرەكە و كاریگەرییان لەسەر ئاستی ژەنیاران و قوتابیان كرد.
لە تەوەرێكی دیكەی سیمینارەكەدا تیشك خرایە سەر تایبەتمەندییەكانی ژەنینی كوردی بۆ ئامێرەكە و خەسڵەتە جیاكەرەوەكانی نێوان شێوازی كوردی و عەرەبی لە ژەنینی ئامێرەكەدا خستە ڕوو.

