رۆژنامەی ھەولێر

لوقمان ئەحمەد پێشانگەیەک لە ئەڵمانیا دەکاتەوە و داهاتەکەی بە رۆژئاوا دەبەخشێت

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

 

هونەرمەندی شێوەکار، لوقمان ئەحمەد، پێشانگەیەکی شێوەکاری لەژێر ناونیشانی ” کەزی ڕۆژئاوا” لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا دەکاتەوە و وەک خۆی دەڵێت: کردنەوەی ئەو پێشانگەیە وەکوو پشتگیرییەکە بۆ کورد و داهاتەکەشی بە رۆژئاوا دەبەخشم.

هونەرمەندی شێوەکار، لوقمان ئەحمەد، دەربارەی کردنەوەی پێشانگەکەی و بەخشینی داهاتەکەی بە ڕۆژئاوا، ڕایگەیاند: ژمارەی تابلۆکانم 50 تابلۆیە، نە زۆر گەورەیەیە، نە زۆریش بچووکە، بەڵام لەنێوان 50 تا 70 سانتیمدایە، هەوڵ دەدەم تابلۆی زۆر گەورەش نمایش بکەم، تا پارەیەکی باش بکات، زۆربەی تابلۆکانیشم ئۆڕجیناڵن، بەشێکی کەمی بە پرێنت چاپمان کردووە کە نرخەکەشی هەرزانە، بۆ ئەوەی هەموو کەس بتوانێت بیکڕێت.
لوقمان ئەحمەد گوتیشی: لەو پێشانگەیەدا ئێش و ئازارەکانی کوردانی ڕۆژئاوا نیشان دەدەم، تابلۆکانم باس لەو ئازارە دەکات کە ئێستە ڕووبەڕووی کوردانی ڕۆژئاوا بۆتەوە، تابلۆکانم وەکوو بەڵگەیەک پیشان دەدەم کە کورد لە ئێستەدا لە چ بارودۆخێک دایە، کەزی دەبڕن، ئەوەتا بینیمان ئافرەتانی کورد هەزاران کەزیان هۆنیەوە، لە زێدی خۆمان دەرمان دەکەن، دڵنیابن ناتوانن و پێتان ناکرێ، من دەمەوێ لەڕێگەی تابلۆکانمەوە ئەوە نیشان بدەم کە هیچ هێزێک ناتوانێت بەسەر ئێمەی کورددا بێت، چونکە ئێمە توانا و ئیرادەمان زۆر بەهێزە.
ئەو شێوەکارە ئاماژەی بەوەدا: داوا لە هەموو کوردێک دەکەم کە لە بەرلین دەژین، لەو پێشانگەیەم ئامادە بن و خەڵکی ئەڵمانی و خەڵکی وڵاتانی تر کە دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیان، بانگهێشتیان بکەن بۆ پێشانگەکەم، تا تابلۆکانم زۆرترین فرۆشیان هەبێت و داهاتەکەش ببەخشین خوشک و براکانمان لە رۆژئاوا، چوونکە باروودۆخیان زۆر خراپە و پێویستیان بە هاوکارییە، منیش لە ڕێگەی فرۆشتنی تابلۆکانمەوە هاوکاری خوشک و براکانم لە رۆژئاوا دەکەم.
لوقمان ئەحمەد، باس لەو هونەرمەندە عەرەبانە دەکات کە دژی کورد وەستانەوە و دەڵێت: کاتێک کە ئەو شەڕەی رۆژئاوا ڕوویدا، هونەرمەند و ڕۆشنبیرانی عەرەب، هێرشی کرد و دژی کورد خەباتی کرد، عەلی فەرزاد شێوەکارێکی کاریکاتێرستە، بە وێنەیەک هێرشی کردە سەر کورد، ئەوان بەهەموو هونەرمەندان ڕۆشنبیرانییانەوە بەشێوەیەکی خراپ هێرشیان کردە سەر کورد، ئێمەش وەکوو هونەرمەندی کورد دەبێ لە ڕێگەی هونەرەکەمانەوە ڕووبەروویان ببینەوە و بە هونەری خۆمان خەبات دژی ئەوان بکەین، بۆیە دەڵێم هونەری ئێمە تەنیا نمایشکردنێکی جوان نییە، بەڵکوو بەرخودانیشە.
ئەو شێوەکارە دڵخۆشی خۆی بە یەکگرتوویی کورد لە هەموو جیهان دەردەبڕێت و دەڵێت: ئەمڕۆ ڕۆژی هەڵوێست و بەرخودانە، زۆر دڵخۆشم کە ئێمەی کورد لە هەموو جیهان یەکگرتووین و بۆ مافی نەتەوەییمان تێدەکۆشین، دڵنیاشم ئێمەی کورد بەسەر دووژمن سەردەکەوین، چوونکە ئێمە زۆر بەهێزین و هەموو جیهانمان هێناوەتە هەژان و لەهەموو دونیا ئێستە دەنگی ئێمە دەبیستن، هەر بەردەوامیش دەبین تا مافە ڕەواکانی خۆمان بەدەست دەهێنین.
ئەو پێشانگە شێوەکارییە، لە ڕێکەوتی 7ـی شوباتی 2026، لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا ڕۆژانی دواتر کراوەتەوەو بەردەوامە