رۆژنامەی ھەولێر

(نەجمەی غوڵامی) بەرهەمێكی نوێ بۆ كوردانی رۆژئاوا بڵاودەكاتەوە

عەبدولغەفار عەبدوڵا

هونەرمەندی بەناوبانگی كورد مامۆستا نەجمەی غوڵامی بەرهەمێكی نوێ بۆ كوردانی رۆژئاوای كوردستان تۆمار دەكات و بڕیار وایە لە داهاتوویەكی نزیكدا بڵاوی بكاتەوە.

لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕ لەنێوان شەڕڤانانی كورد لە رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ حكومەتی سوریا، لە شارەكانی هەرێمی كوردستان خۆپیشاندان و پشتگیری بۆ كوردانی رۆژئاوا دەستی پێكردووە و هونەرمەندانیش وەك توێژێكی گرنگی كۆمەڵگە بە هونەرەكەیان پشتگیری رۆژئاوا دەكەن.
لەو چوارچێوەیەدا هونەرمەندی بەناوبانگی كورد و رۆژهەڵاتی كوردستان مامۆستا نەجمەی غوڵامی جگە لە بڵاوكردنەوەی بەرهەمی ئەڤینی، لە ساڵانی حەفتاكان و هەشتاكانی سەدەی رابردووشدا لە شاخ وەك پێشمەرگە و هونەرمەند خزمەتێكی زۆری میللەتی كوردی كردووە و چەندین بەرهەمی نەتەوەیی بۆ پشتگیری پێشمەرگە و كوردستان بڵاوكردۆتەوە.
مامۆستا نەجمەی غوڵامی بە (هەولێر)ی راگەیاند، وەك پشتگیرییەك بۆ كوردان و شەڕڤانانی رۆژئاوای كوردستان لە چەند رۆژی رابردوودا بەرهەمێكی نوێی تۆماركردووە و بڕیارە وایە لە نزیكترین دەرفەتدا بڵاوی بكاتەوە، چونكە ئەوە كەمترین ئەركە بتوانێت لەڕێگەی هونەرەكەیەوە پشتگیری رۆژئاوای كوردستانی بكات.
غوڵامی ئاماژەی بەوەكرد، هەر تاكێكی كوردستان لە هەر پارچەیەك بێت دەتوانێت بەشێوازی تایبەت بە خۆی هاوكاری و پشتگیری خوشكان و برایانمان لە رۆژئاوای كوردستان بكات تا بۆ دوژمنانی كوردی بسەلمێنین كورد یەك دەنگ و یەك رەنگ و یەك دەستە و دەتوانین هاوكاری یەكدی بین، بێگومان هونەرمەندانیش وەك توێژێكی گرنگی كۆمەڵگە دەتوانن بە هونەرەكەیان خزمەتێكی بەرچاوی دۆزی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان بكەن.