عەبدولغەفار عەبدوڵا
لە چوارچێوەی چالاکییە هونەرییەکانیدا، بەشی سینەما و شانۆی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی هەولێر، ڤیدیۆ ئارتی “دیواری کەزییەکان”، کە لە دەرهێنانی (دانا محەمەد)ـە، بەرهەمهێنا و بۆ فێستیڤاڵە جیهانییەکانی دەنێرێت.
دانا محەمەد، دەرهێنەری ڤیدیۆ ئارتەکە، دەربارەی نمایشکردنی و ناردنی بۆ فێستیڤاڵە جیهانییەکان، بە هەولێری ڕایگەیاند: ڤیدیۆ ئارتی “دیواری کەزییەکان” هەر لە مانگی شوبات، لە نمایشێکی تایبەتدا نمایشی دەکەین، هەروەها لە مانگی مانگی نیساندا، لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی کۆلێژی هونەرە جوانەکان نمایشی دەکەین، هەروەها بۆ فێستیڤاڵە جیهانییەکانیشی دەنێرین، بۆ ئەوەی دەنگ و رەنگی رۆژئاوای کوردستان لەڕێگەی ئەو ڤیدیۆ ئاڕتەوە بگاتە وڵاتانی جیهان.
دانا محەمەد گوتیشی: کۆنتێستی ڤیدیۆ ئارتەکە، باس لە بەرخودانی شۆرشی رۆژئاوا دەکات، کاتێک ستەمکارێک هەوڵ دەدات بە بڕینی قژی ژنێک ناسنامەکەی بشکێنێت، ڕووبەڕووی دیوارێکی بێدەنگ لە کەزی دەبێتەوە کە وەکوو رەگی چیاکان بەیەکەوە گرێ دراون، هەروەها وەڵامێکە بۆ ئەوەی کە بڕینی تاکێک، هەڵسانەوەی هەزارانە.
هەروەها، ڤیدیۆ ئارتی “دیواری کەزییەکان”، لە دەرهێنانی دانا محەمەدە، هەر یەکە لە، دیار فەرهاد و زەینەب کاوە و ڤیانا ئەسعەد و نور عومەر و شادی عوسمان و ئاوات ئەسعەد و رەیان شۆرش و شنیار محەمەد و شەیما حاتەم، ڕۆڵی سەرەکی لەو ڤیدیۆ ئاڕتە دەگێڕن.

