رۆژنامەی ھەولێر

هونەرمەند زیرەك میرە: گرنگی پەیكەری بەرخودان لە كۆبانێ ئەوەیە باشوور پێشكەشی رۆژئاڤای كردووە

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

 

هونەرمەند زیرەك میرە كە دروستكەری پەیكەری (بەرخودان)ـە لە شاری كۆبانێی رۆژئاوای كوردستان دەڵێت، جیاوازی ئەو پەیكەرە ئەوەیە دوای 100 ساڵ دیارییەك كە پەیكەرە لە باشووری كوردستانەوە پێشكەشی رۆژئاوای كوردستان كرا.

ساڵی 2016 هونەرمەند زیرەك میرە پەیكەری (بەرخودان) كە پەیكەری كچە شەڕڤانێكی كوردە پێشكەشی رۆژئاوای كوردستان كرد و لە شاری كۆبانێ دانرا كە ئەوەش بووە كارێكی ناوازە و دڵخۆشی بۆ هاوڵاتیانی شارەكە، زیرەك میرە باسی وردەكاری دروستكردنی پەیكەرەكە دەكات.
هەولێر: بۆچی دانانی پەیكەر لەڕووی هونەری و سیاسییەوە گرنگە؟
زیرەك میرە: جیاوازی پەیكەر لەگەڵ هونەرەكانی دیكە ئەوەیە هەمیشە پەیكەر جێی مەترسییە بۆ رژێمە سەركوتكەرەكان، چوونكە پەیكەر هەمیشە نووسینەوەی مێژووە و ئەو رژێمانەش لە نووسینەوەی ئەو مێژووە دەترسن.
هەولێر: هەستت چۆنە كاتێك خەڵكی كۆبانێ لەبەردەم پەیكەرەكەی تۆ شایی دەگێڕن؟
زیرەك میرە: لەڕاستیدا پەیكەری بەرخودان بە مانایەكی دیكە جیاوازترە، چوونكە یەكەم پەیكەرە دوای زیاتر لە 100 ساڵ پارچەیەكی كوردستان دیارییەك پێشكەشی پارچەیەكی دیكە بكات كە ئەویش پەیكەری بەرخودانە، یان ئەو سنوورە دەستكردەی كە هەبوو تێكی شكاند، راستە پەیكەرەكە وەك هونەر پەیكەرەكە، بەڵام دیارە لای خەڵكی خۆشەویستی كۆبانێ پیرۆزیی هەیە و ئامادەن خۆیان لە پێناویدا بكوژن، یان ئەو كوڕ و كچانەی هاوسەرگیری دەكەن لە بەردەمیدا پەیمانی نوێ دووپات دەكەنەوە، ئەوەش زۆر دڵخۆشم دەكات، جگە لەوەش دەبینم هەموو كورد بە یەك دەنگ پشتگیری رۆژئاوا دەكەن.
هەولێر: پلانت نییە بۆ داهاتوو كارێكی نوێی هونەری لەو شێوەیە بكەیت؟
زیرەك میرە: تائێستا بیرۆكەی دیكەم نییە، بەڵام كاتێك دەچیتە رۆژئاوا و بەرخودانی ئەو پارچەیە دەبینیت شایەنی دەیان كاری هونەرییە، بەڵام گرنگ ئەوەیە لەئێستادا كە مەترسی لەسەر رۆژئاوا هەیە كورد لە هەر شوێنێكی دنیا بن چالاكی بكەن ئەوانە هەمووی گرنگن.