رۆژنامەی ھەولێر

عەبدولقەهار زاخۆیی: مەرگێک لە ڕێی کوردستان بێت سەد ژیانی بەقوربان بێت!

شیڤان شێرزاد – هەولێر

هونەرمەند و هەڵبەستڤانی دیار و بەرچاوی زاخۆ، “عەبدولقەهار زاخۆیی” ناوی پێشمەرگە و هەڵوێستە نیشتمانیەکانی بوونەتە ناونیشانی ئەو هونەرمەندە و لە گشت پرسە نیشتمانیەکاندا خاکەڕەوانە بەشدارە و دڵی بۆ خاک و ئازادی لێ دەدات و هەمیشه پڕ وزە و خودان بیر و باوەڕە و بووەتە داکۆکیکارێک لە ئازارەکانی نەتەوەکەی.

لەو سۆنگەوەش دڵی خۆی بۆ “هەولێر” دەکاتەوە و دەڵێت: ئەرکی ئێمەی هونەرمەند و ڕۆشنبیرە، کە بەدەنگ ئازاری پارچەیەکی دیکەی کوردستانەوە بێین، کە کەوتووەتە بەر شاڵاوی قڕکردن و سڕینەوەی مافی نەتەوەکەمان، بەڵام بێئاگان لەوەی کورد یەکە و لە هەر کوێیەکی دنیادا بێت، هاودەنگ و هاوڕەنگ و هاوسەنگەرە.
گوتیشی: شەهید بکەوین یان بمرین بەپێوە، ئێمە گەلێکین نامرین و چۆک دانادەین بۆ دژمنێک، کە ترسی لە زمان و فەرهەنگ و کولتوورە دەوڵەمەندەکەمانە، بۆیە ئاماژە بۆ دێڕێکی مێژوویی سەرۆک و ڕابەری کوردان دەدەم، کە دەڵێت: مەرگێک لە ڕێی کوردستان بێت سەد ژیانی بەقوربان بێت!
بەندەش وەک تاکێکی هونەرزانی ئەو کوردستانە بە خوێنی سوورم ئامادەم بەرگری بکەم لەو نیشتمانە، جا لە عەفرین بێت یان ئامەد و مەهاباد و زاخۆ، هەمووی کوردستانە و نە لەت دەبێت ئەو نیشتمانە نە پارچەیە لە ڕووی زەمانە.