رۆژنامەی ھەولێر

ڕیچاردی سێیەم شاکارێکی مێژوویی و دەروونی لە گۆشەنیگای شکسپیرەوە

سەردار ئەکرەم/ بەریتانیا

سەرەتای دەهەی ١٥٩٠، ولیەم شکسپیر شانۆنامەی ڕیچاردی سێیەم (Richard III)ـی نووسیوە؛ ئەو شانۆنامەیە سەرەڕای ئەوەی یەکێکە لە شانۆنامە مێژووییە هەرە درێژ و بەناوبانگەکانی دنیا، خوێندنەوەیەکی قووڵیشە بۆ سروشتی دەسەڵات، خراپەکاری و، کاریگەریی پروپاگەندەی سیاسی لەسەر نووسینەوەی مێژوو. ئەم شانۆنامەیە وەک قۆناغی کۆتایی زنجیرەی شانۆنامە مێژووییەکانی شکسپیر سەیر دەکرێت کە باس لە جەنگی گوڵەکان (Wars of the Roses) دەکەن و، بە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ماڵی یۆرک و سەرکەوتنی ماڵی تودۆر کۆتایی دێت. چیرۆکی بەرزبوونەوە و داڕووخانی پاشایەکی مەکیاڤێلی چیرۆکی شانۆنامەکە بە مۆنۆلۆگە بەناوبانگەکەی ڕیچارد، دۆگی گڵۆستەر، دەست پێدەکات:
“ئێستا زستانی ناڕەزایی ئێمە کرایە هاوینی شکۆمەندی…”
(Now is the winter of our discontent / Made glorious summer by this sun of York)
ڕیچارد، کە وەک کەسایەتییەکی جەستەناشیرین و خاوەن ڕۆحێکی خراپەکار وێنا کراوە، بڕیار دەدات کە لەبەر نەبوونی جوانی و خۆشەویستی، ببێتە خراپەکار. شانۆنامەکە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش بەرزبوونەوەی ڕیچارد بۆ سەر تەختی پاشایەتی ئینگلتەرا نیشان دەدات. ئەو بە زیرەکییەکی مەکیاڤێلیانە (Machiavellian) و بە فێڵ و زمانلووسی، هەموو ئەو کەسانە لە ڕێگەی خۆی لا دەبات کە هەڕەشە لە دەسەڵاتەکەی دەکەن. لەوانە:
•کوشتنی براکەی، کلارنس، بە ناردنی بۆ زیندان و خنکاندنی.
•ڕاکێشانی سەرنجی خاتوو ئان نێڤیل، کە بێوەژنی کوڕی ئەو پیاوەیە کە ڕیچارد خۆی کوشتوویەتی و، دوایی دریخوازێت و دەیکوژێت.
•ڕێکخستنی کوشتنی لۆرد هێستینگز، کە یەکێک بوو لە دڵسۆزانی پاشا ئێدوارد.
•کوشتنی هەردوو برازاکەی (شازادەکانی تاوەر)، کە منداڵانی پاشا ئێدوارد بوون و ڕێگر بوون لە بەردەم پاشایەتییەکەیدا. ڕیچارد بەم کردەوانە دەگاتە دەسەڵات و دەبێتە پاشا ڕیچاردی سێیەم. بەڵام دەسەڵاتەکەی کورتخایەنە و بە هۆی بێزاریی خەڵک و ناپاکیی هاوپەیمانەکانی، لە کۆتاییدا لە شەڕی بۆسوۆرس (Battle of Bosworth Field) لە ساڵی ١٤٨٥ ڕووبەڕووی هێزەکانی هێنری تیودۆر و ئێرلی ڕیچمۆند، دەبێتەوە. شانۆنامەکە بە کوژرانی ڕیچارد و دەستبەسەرداگرتنی تەخت لەلایەن ڕیچمۆندەوە کۆتایی دێت، کە وەک هێنری حەوتەم دەستنیشان دەکرێت و دەبێتە دامەزرێنەری ماڵی تودۆر.
لێرەدا پرسیارێکی قووڵی ئەکادیمی سەر هەڵدەدات ئایا شکسپیر تەنها چیرۆکگێڕێکی بێلایەن بووە یان پەیامێکی سیاسیی تایبەتی هەبووە؟ خوێندنەوەی باو ئەوەیە کە شانۆنامەکە بەشێکە لە “ئەفسانەی تودۆر” (Tudor Myth). *پروپاگەندەی تودۆر: شکسپیر لەم شانۆنامەیەدا پشتی بە سەرچاوە مێژووییەکانی وەک تۆماس مۆر و ڕافایل هۆلینشێد بەستووە، کە هەردووکیان لەژێر کاریگەریی ماڵی تودۆردا بوون. ئامانجی سەرەکیی ئەم ئەفسانەیە شەرعیەتدان بوو بە دەسەڵاتی هێنری حەوتەم (ڕیچمۆند) وەک ئەو پاڵەوانەی کە ئینگلتەرای لە دەستی “دڕندە” ڕیچاردی سێیەم ڕزگار کرد. شکسپیر بە وێناکردنی ڕیچارد وەک کەسایەتییەکی خراپەکار و جەستەناشیرین، پەیامی ئەوە دەگەیەنێت کە خودا سزای ئەو پاشایانە دەدات کە بە ڕێگەی نایاسایی دەگەنە دەسەڵات و، بەمەش دەسەڵاتی تودۆر وەک ئیرادەی خودایی نیشان دەدات. لەگەڵ ئەوەشدا، پەیامێکی گەردوونیتر هەیە کە شکسپیر دەیەوێت بیگەیەنێت: لێکەوتەکانی خراپەکاری و فەرمانڕەوایی ستەمکارانە.
شانۆنامەکە نیشان دەدات کە چۆن دەسەڵاتی بێسنوور مرۆڤ بەرەو لەناوچوون دەبات و چۆن خراپەکاری لە کۆتاییدا سزای خۆی وەردەگرێت. شکسپیر بە وێناکردنی ڕیچارد وەک کەسایەتییەکی زیرەک و قسەزان کە بە ئاشکرا پلانی خراپەکارییەکانی بۆ بینەر باس دەکات (لە خۆدواندن و مۆنۆلۆگەکانیدا)، ڕەخنە لەو فەرمانڕەوایانە دەگرێت کە ڕواڵەتی ئایینی و ڕەوشتاوی بەکار دەهێنن بۆ شاردنەوەی ئامانجە ڕاستەقینەکانیان.

خوێندنەوە جیاوازەکانی شانۆنامەکە
شانۆنامەی “ڕیچاردی سێیەم” لەلایەن ڕەخنەگران و توێژەرانەوە چەندین خوێندنەوەی قووڵی بۆ کراوە، کە گرنگترینیان بریتین لە:
1. خوێندنەوەی سیاسی و مێژوویی: مەکیاڤێلی و دەسەڵات ڕیچارد زۆرجار وەک نموونەی “پیاوی مەکیاڤێلی” (Machiavel) سەیر دەکرێت، کەسێکە ئامانج پاساوی هۆکارەکان دەداتەوە. لەم خوێندنەوەیەدا، شانۆنامەکە شیکردنەوەیەکە بۆ سیاسەتی سەردەمی ڕێنێسانس، کە تێیدا فەرمانڕەواکان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و مانەوە تێیدا، هەموو ڕێگەیەکی نائەخلاقی دەگرنەبەر. ڕیچارد بە زیرەکییەوە دەمامکی ڕەوشت و ئایین بەکار دەهێنێت بۆ فریودانی خەڵک و گەیشتن بە تەخت. خوێندنەوە سیاسییەکە جەخت لەسەر گواستنەوەی دەسەڵات لە سیستەمی فیۆداڵی بۆ دەسەڵاتی ناوەندیی بەهێزی پاشایەتی دەکاتەوە، کە تێیدا تاکە کەسێک دەتوانێت بە تەواوی کۆنترۆڵی دەوڵەت بکات.
2. خوێندنەوەی دەروونی: سایکۆپاتی و کاریگەریی شێوازی جەستەیی خوێندنەوە دەروونییەکان بە قووڵی لە کەسایەتی ئاڵۆزی ڕیچارد دەکۆڵنەوە. ڕیچارد لە سەرەتای شانۆنامەکەدا شێوازی جەستەیی خۆی وەک هۆکارێک بۆ خراپەکارییەکانی دەبینێت: “لەبەر ئەوەی ناتوانم ببمە خۆشەویست، بڕیارم داوە ببمە خراپەکار (I am determined to prove a villain).
* سایکۆپاتی و نارسیسیەت: هەندێک دەروونشیکاریی نوێتر، وەک ئەوەی پرۆفیسۆر مارک لانسدەیل و جوولیان بوون، کردوویانە، ڕیچاردە مێژووییەکە یان تەنانەت ڕیچاردەکەی شانۆنامەکەیان بە تەواوەتی پێ سایکۆپات نییە، بەڵکو، ئەوان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە کارەکتەرەکە ڕەنگە تووشی “بێزاری لە نادڵنیایی” (Intolerance of Uncertainty) بووبێت، کە ئەمەش وای لێ دەکات هەموو شتێک کۆنترۆڵ بکات.
* کاریگەریی شێوازی جەستەیی: شێوەی جەستەی ڕیچارد لە شانۆنامەکەدا (کە لە مێژوودا ڕەنگە هێندە زەق نەبووبێت) وەک هێمایەک بۆ شێوازی ڕۆحی و خراپەکارییەکەی بەکار دەهێنرێت. ئەم خوێندنەوەیە باس لەوە دەکات کە چۆن هەستکردن بە جیاوازی و دابڕان دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی کەسایەتییەکی تۆڵەسێنەر و خراپەکار.
3. خوێندنەوەی ئایینی و ڕەوشتاوی: چارەنووس و سزای خودایی خوێندنەوەیەکی تر جەخت لەسەر لایەنی ئایینی و ڕەوشتی دەکاتەوە. شانۆنامەکە پڕە لە پێشبینی، نەفرەت و، دەرکەوتنی ڕۆحی قوربانییەکان. ئەم خوێندنەوەیە ڕیچارد وەک ئامرازێک دەبینێت بۆ جێبەجێکردنی سزای خودایی بەسەر ئەو کەسانەدا کە لە جەنگی گوڵەکاندا تاوانیان کردووە. لە کۆتاییدا، کاتێک ڕیچارد لە شەودا ڕۆحی قوربانییەکانی دەبینێت، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ویژدانی دەست بە ئازاردانی دەکات و سزای خودایی نزیک بووەتەوە. سەرکەوتنی هێنری حەوتەم (ڕیچمۆند) وەک گەڕانەوەی ئاشتی و ڕێکوپێکیی خودایی بۆ ئینگلتەرا وێنا دەکرێت.
ئەم شاکارە بە یەک خوێندنەوە کۆتایی نایەت؛ گرنگ، پەیامە سەرەکییەکەی شکسپیر ئەوەیە کە دەسەڵاتی ستەمکارانە و خراپەکاری، هەرچەندە سەرەتایش سەر بگرێت، بەڵام لە کۆتاییدا بە ڕووخان و لەناوچوون کۆتایی دێت و، ویژدان و چارەنووس ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینن لە سزادانی خراپەکاراندا. ئەم ئاڵۆزییە وای کردووە کە “ڕیچاردی سێیەم” تا ئەمڕۆش وەک شانۆنامەیەکی هەرە گرنگ و کاریگەری وێژەی جیهان بمێنێتەوە.