رۆژنامەی ھەولێر

لە سلێمانی ڕێکخراوی شنەبای خاک پێشانگایەکی هاوبەشی بۆ ٢٣ شێوەکار کردەوە

شیڤان شێرزاد – هەولێر

لە پێشانگایەکی تایبەتدا ٦٥ تابلۆی ڕەنگین نمایشکرا، کە بە خامەی ٢٣ شێوەکاری کورد کێشرابوو، وەک یەکەمین پڕۆژەی هونەری خۆیان ڕێکخراوی شنەبای خاک لە سلێمانی ئەو پێشانگایەیان کردەوە.

کاربین سەلام وەک شێوەکارێکی بەشداربوو لە پێشانگاکەدا ڕایگەیاند: ئێمە وەکوو شنەبای خاک، بەردەوام هەوڵمانداوە، پەرە بە گەنجە بەهرەمەند و خاوەن داهێنانەکان بدەین، تا بتوانین هاوکاریان بین بۆ کردنەوەی ئەو جۆرە پێشانگەیانە، ئێمە گرنگی بە هونەر دەدەین بەهەموو جۆرەکانییەوە، گرنگی به ڕەنگ و جوانییەکانی هونەر دەدەین، خەڵک بانگهێشت دەکەین، تا بێن و چێژ لەو تابلۆ ڕەنگاوڕەنگانە ببینن و سەرنجی خۆیان بخەنەڕوو، ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە لە نیگەرانییەوە پیردەبین نەک لەتەمەنەوە، ئەگەر سیماکانی منداڵی لە ڕووخسارمان کاڵ ببنەوە، ئەوە کاری زەمەنە، بەڵام ئەگەر لە ڕۆحمان کاڵ ببنەوە، ئەوە کاری خۆمانە، چونکە بێتاوانی و پاکی و ڕۆحێکی جوان هەرگیز کات دەستی لێنادات، بەڵکوو خەم و ئازار و پشتگوێخستن هۆکارییەتی، ئامانجی ئێمەش لە کردنەوەی ئەو پێشانگەیە بریتییە لەو ئامانج و پەیامە جوانە.