رۆژنامەی ھەولێر

هونەرمەندان هاوسۆزی خۆیان بۆ کوردانی ڕۆژئاڤا دووپاتدەکەنەوە

شیڤان شێرزاد – هەولێر

لە دوای تێکچوونی دۆخی سیاسی و هێرشە دڵڕەقانەکەی چەکدارانی عەرەبی سوریا بۆ سەر ناوچە کوردییەکان و شەهیدکردنی پۆلێک شەڕڤانی خاکپەرست

هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و تەواوی خەڵکی شار و شارۆچکەکانی کوردستان بە دەیان درووشمی جوانەوە ڕژانە سەر شەقام و بەرەو بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێکەوتن و داوای بەدەنگەوە هاتنی کوردانی ڕۆژئاوایان کرد، کە ئێستا ژیانی خەڵکی ئەو ناوچەیە لە مەترسی دایە و چەکدارانی عەرەبی سوریا دەیانەوێت ناسنامەی کوردبوون لە کۆبانێ و حەسەکە و حەلەب و قامیشلۆ بسڕنەوە.
کامێراکان ناتوانن فرمێسکی ڕۆمی هەرکی بشارنەوە!
ڕۆمی هەرکی و عەبدوڵا هەرکی، وەک دوو هونەرمەندێکی بە هەڵوێست هەمیشه لە سەنگەری پێشمەرگە و پرسەنیشتمانیەکاندا بەشدارن، تەنانەت لە هەر بستێکی ئەو نیشتمانە ئازار هەبێت ئەوان لەوێن و ئامادەی پشتیوانین لە برا و خوشکانیان.
لەگەڵ ڕاگەیاندراوێکی شەڕڤانان، بە ڕوونی ئاماژە بۆ کەوتنی ئەو ناوچانە دەکات و داوای بەهاناوەچوون دەکەن، هەموو چین و توێژەکان و خەڵکی بە کەڕامەتی کوردستان لە پایتەختەوە بەرەو بارەگای یوئێن چوون، بۆ ئەوەی ئەمریکا فشار بخاتە سەر هێزەکانی سوریا و ئەو هێرشانەی دژ بە گەلی کورد دەکرێت لە ڕۆژئاڤا ڕابگرن.
ڕۆمی هەرکی هونەرمەند لەبەردەم چاوی کامێراکاندا و لە سەرمای سەختی زستاندا نەیتوانی فرمێسکە گەرمەکانی بۆ کوردانی ڕۆژئاوا بشارێتەوە تەنانەت داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات، ئەگەر هیچ ڕێگەیەکی دیموکراسی نەمێنێت بۆ چارەسەری برینەکانی ڕۆژئاڤا ئامادەین بۆ پشتیوانی خوشکان و برایانمان سنوورەکان ببڕین و خۆمان بگەیەنینە ناوچەکە و پشتیوانی لەو کەرتەی کوردستان بکەین، کە ئێستا خەریکی نووسینەوەی داستانێکی نوێن لە مێژووی گەلی کورددا.
شوان عەتووف: هونەرمەندان بەردەوام دەبن لە ڕێپێوان و خۆپیشاندان بۆ پشتگیری لە کوردانی ڕۆژئاوا
دوای بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک لە درەنگانی شەودا، کە هونەرمەندی بواری دراما و سینەما “شوان عەتووف” وەک ناوێکی دیار و بەرچاو پێی هەڵسابوو، پۆلێک لە هونەرمەندان و خەڵکی ڕۆشنبیری سلێمانی و گشت چین و توێژەکان بەدەم بانگەورەکەوە هاتن و هەموویان بەیەکەوە هاواری ئازادی و سەرکەوتنی بەرخۆدانی کۆبانێ و ڕۆژئاوایان کرد.
شوان عەتووف، لە نێو ئاپۆرای گەورەی خۆپیشاندانەکەی سلێمانیدا پەنجەی خستە سەر ئازارەکانی کوردانی ڕۆژئاڤا و بێ هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها داوای لە گەنجانی نیشتمان کرد، کە وەک پێشمەرگەئاسایەک ئامادەبن و ئەگەر پێویستیش بکات هیچ سنوورێک لەبەردەممان نیە بۆ پشتگیریی کردن لە برایانمان لە ناوچە کوردستانییەکانی سوریادا، بەڵام تا بتوانین بە خەباتی مەدەنی فشار بخەینە سەر نەتەوە یەکگرتووەکان بیر لەوە ناکەینەوە چەک هەڵگرین، چوونکە هەر گرفتێک بە دیموکراسی چارەسەربێت باشترە لەوەی خوێنی منداڵێک لەو ناوچەیە بێ تاوان بڕژێت.
هێلی لۆڤ: کورد لە کوێ بێت ئازار لەوێیە!
هێلی لۆڤ، هەمیشە وەک هونەرمەندێکی جیاواز لە ڕووی ستایل و بەرهەمەکانی دا دەردەکەوێت، بەڵام لە پرسە نیشتمانیەکاندا وەک شێرە ژنێک دەردەکەوێت و لە پاڵ هێزەکانی پێشمەرگەدا سەنگەر لە دوژمن دەگرێت.
بەرامبەر بە ئازارەکانی ڕۆژئاواش بە چاوی پڕ لە گریانەوە دەڵێت: مخابن کورد لە هەر کوێیەکی ئەو دنیایە بێت ئازار و مەینەت لەوێیە!.
من وەک هونەرمەندێک ئامادەم بۆ پشتیوانیکردن لە کوردانی ڕۆژئاوا و بە وردیش چاودێری دۆخی ئەو ناوچەیە دەکەم و لە هەر چرکەیەکدا پێویستیان پێم بێت ڕۆحی خۆم دەبەخشم، بۆ ئەوەی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا بەردەوام بێت و گەلی کورد چۆک دانەدات بەرامبەر دوژمن.
هونەرمەند شڤان پەروەر بە کوڵ بۆ ڕۆژئاوا دەگریێت و دەڵێت: کوردستان پەرێشانە!
هونەرمەندی پێشمەرگە “شڤان پەروەر” بە گریانێکی بە کوڵەوە ڕوو لە چاوی کامێراکان دەکات و دەڵێت: نەک عەفرین و قامیشلۆ و کۆبانێ و شێخ مقسود، بگرە هەموو گەلی کوردستان ئەمڕۆ پەرێشانە، هۆ گەلی کورد هوشیاربن ئەوڕۆ ڕۆژی بەرخۆدانە ڕۆژی لە گۆڕنانی خەونی دوژمنانە، هەموو پێکەوە فشار بخەنە سەر ئەمریکا و وڵاتانی جیهان مەهێڵن ڕۆژئاوا بکەوێت و خوێنی برا و خوشکانی کورد لە هەر کوێیەکی ئەو دنیایە بێت بێ گوناح بڕژێت.
ئەوڕۆ ڕۆژی هەڵوێست و ڕۆژی بەرگرییە لە نیشتمان و مانەوەی میللەتێک، کە هەرگیز ڕق و کینەی لە کەس هەڵنەگرتووە، بەڵام لە هەموو لایەک قڕ دەکرێین و سەر دەبڕێین و هەر نامرین و هەر بەزیندوویی دەمێنین.