شیڤان شێرزاد – هەولێر
هونەرمەندی گۆرانیبێژ “تارا ڕەسوڵ” دوای ساڵانێک بێدەنگی لە تۆمارکردنی بەرهەمی نوێ، ئێستا سەرقاڵی سروودێکی تایبەتە بە ناوی “ڕابوون” بۆ بەرخۆدانی ڕۆژئاڤا.
ئەو سروودە بەشێوەیەکی دوێتە لەگەڵ هونەرمەند “لوقمان سەلیم و هەڤاڵ خانەقینی و قاسم هەورامی” و تێکستی هەریەک لە شاعیران “کەژاڵ هەورامی، محەمەد پاکژ، سەباح بابی زینی” و ئاواز و دابەشکردنی “نزار زێوەیی”ـە.
سەبارەت بە کارکردن لەو بەرهەمە نوێیەدا هونەرمەند “تارا ڕەسوڵ” بە “هەولێر”ـی گوت: سروودی “ڕابوون” یەکێکە لەو بەرهەمانەی وشەکانی لە ویژدانی من و هونەرمەندانی دیکە دەرچوون و هەڵوێستێکی نیشتمانیە بۆ برا و خوشکانمان لە ڕۆژئاڤای بریندار، ئامانجیش لە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکەدا ئاشکرایە، کە هونەرمەند نابێت تەنیا لە کاتی خۆشیی و ئارامیدا خاك و نیشتیمان و گەلەکەی بوێت، بەڵکوو دەبێت لە تەنگانەو ڕۆژگارە سەختەکاندا خزمەتکاری گەل و نیشتیمانەکەی خۆی بێت و بە دەنگ و هونەرەکەی پاڵپشتیان لێبکات.

