رۆژنامەی ھەولێر

چیرۆکی منـــــاڵان

سەردار ئەکرەم/ بەریتانیا

 

لە دارستانێکی فراواندا کە پێی دەگوترا “دارستانی ئاشتی”، هەموو گیانداران لەژێر فەرمانی “شێرە پیر”دا دەژیان. پیرەشێر، پاشایەکی بەتەمەن و ماندوو بوو، چیتر وەک جاران گوێی لە کێشە و داواکارییەکانی گیاندارانی دارستان نەدەگرت. ئەو کارەکانی بە “گورگی تەماعکار” و “ڕێوی فێڵباز” سپاردبوو، ئەوانیش دادپەروەر نەبوون.
گورگ و ڕێوی هەموو ڕۆژێک باشترین میوە و خۆشترین خواردنەکانیان بۆ خۆیان و شێر کۆ دەکردەوە، لە کاتێکدا گیاندارانی تر بەشی کەمیان بەردەکەوت. یاسایەکی سەیر دانرابوو “نابێت هیچ گیاندارێک لە کاتی دابەشکردنی خۆراکدا قسە بکات یان سکاڵا بکات. “هەندێک لە گیانداران، وەک “مەڕەکان”، لە ترسی گورگ و ڕێوی بێدەنگ بوون. کاتێک بەشە خۆراکی کەمیان وەردەگرت، تەنها سەریان دەلەقاند و بێ هیچ قسەیەک دەڕۆیشتن. بەڵام هەندێکی تریان وەک مەڕەکان نەبوون. ڕۆژێکیان، لە کاتی دابەشکردنی خواردندا، گورگی تەماعکار گەورەترین سەبەتە گێزەری بۆ خۆی هەڵگرت و تەنها چەند گێزەرێکی بچووکی بۆ “کەروێشکی بوێر” فڕێدا. کەروێشکی بوێر، کە بە ئازایەتی ناسرابوو، ئەمجارە بێدەنگ نەبوو. بە دەنگێکی بەرز گوتی: “ئەمە دادپەروەری نییە! بۆچی دەبێت ئێوە هەموو شتە باشەکان بۆ خۆتان ببەن و ئێمە بەشی کەممان بەربکەوێت؟”گورگ بە تووڕەییەوە ددانەکانی لێک جیڕکردەوە و گوتی: “بێدەنگ بە ئەی کەروێشکی بچکۆلە! یاساکەت لەبیر کردووە؟”لەم کاتەدا، “ورچی دانا” هاتە پێشەوە و بە هێمنی گوتی: “یاسایەک کە دادپەروەر نەبێت، یاسای دارستان نییە. ئێمە هەموومان لێرە دەژین و مافی یەکسانمان هەیە.
بزنەکێوی” لەسەر بەرزایەکەوە بازێکی دا و هاواری کرد: “ڕاستە! ئێمە هەموو ڕۆژێک ماندوو دەبین، بەڵام لە کۆتاییدا برسی دەبین!”
“ئەسپی بەهێز” کە هەمیشە بێدەنگ بوو، ئەمجارە نەیتوانی خۆی بگرێت. هەستایە سەرپێ و بە دەنگێکی گڕەوە گوتی: “ئیتر بەسە! منیش لەگەڵتانم. نابێت لە مافی خۆمان خۆش بین. “بەڵام “مەڕێکی سپی” بە ترسەوە بە چرپە گوتی: “بێدەنگ بن، تووشی کێشەمان دەکەن. باشترە هەرچییان پێ داین، قبووڵی بکەین. “لێرەدا “هەڵۆی چاوتیژ”، کە لەسەر بەرزترین لقی دارەکە چاودێریی دۆخەکەی دەکرد، هاتە دەنگ. بە دەنگێکی پڕ لە حیکمەتەوە گوتی:”تکایە مەبن بە مەڕ! ئەگەر بێدەنگ بن، وەک مەڕ ماف خوراو دەبن. مەڕ هەمیشە سەردەلەقێنێت و نازانێت داوای مافی خۆی بکات، بۆیە هەمیشە قوربانییە. پێویستە لەسەر مافی خۆتان بەئاگا بن و بە بوێرییەوە داوای بکەن. “قسەکانی هەڵۆیی چاوتیژ وەک برووسکەیەک بوو، هیوای بە هەمووان بەخشی. کەروێشکی بوێر، ورچی دانا، ئەسپی بەهێز و بۆنی کێوی، لەگەڵ زۆرێک لە گیاندارانی تر، بڕیاریان دا پێکەوە بچنە لای شێری پیر. کاتێک گەیشتنە لای شێر، گورگ و ڕێوی ویستیان ڕێگرییان لێ بکەن، بەڵام ئەسپ و بزن و ورچی دانا پاڵیان پێوە نان و ڕێگاکەیان کردەوە. ئینجا ورچی دانا بە بوێرییەوە هەموو چیرۆکەکەی بۆ شێر گێڕایەوە. پیرەشێر، کە کاتێک گوێی لە قسەکانی ورچ بوو و بینینی گیاندارە ناڕازییەکان زۆر تووڕەن، فەرمانی دا لەبەرچاوی هەموو گیاندارانی دارستان، ڕووی کردە گورگی تەماعکار و ڕێوی فێڵباز و بە دەنگێکی بەرز نەڕاندیی و گوتی “ئێوە چۆن بوێریی ئەوەتان کرد خیانەت لە متمانەی من و مافی ئەم گیاندارانە بکەن؟ من ئێوەم کردە یاریدەدەر بۆ خزمەتکردن، نەک بۆ ستەمکردن!”گورگ و ڕێوی کە لە ترسا دەلەرزین، سەریان شۆڕ کردەوە و هیچیان بۆ گوتن نەمابوو. شێر فەرمانی دا کە هەردووکیان لە دارستان دوور بخاتەوە و بۆ ماوەیەکی زۆر خزمەتی پاککردنەوەی شوێنە دوورەدەستەکان بکەن وەک سزایەک بۆ کارە خراپەکانیان. دوای ئەوە، شێری پیر بە شەرمەزارییەوە ڕووی کردە هەموو گیانداران و بە دەنگێکی پڕ لە پەشیمانییەوە گوتی: “من داوای لێبوردن لە هەمووتان دەکەم. من، وەک پاشای ئێوە، لە ئاستتاندا کەمتەرخەم بووم و نەمزانی چ ستەمێکتان لێ دەکرێت. بەڵێن دەدەم جارێکی تر هەرگیز شتی وا لەم دارستانەدا ڕوونەداتەوە. لەمەودوا، دەرگای من هەمیشە بۆ ئێوە کراوە دەبێت. “لەو ڕۆژەوە، شێر ئەنجومەنێکی دادپەروەریی پێک هێنا کە نوێنەری هەموو گیاندارانی تێدابوو. یاساکان نووسرانەوە و دادپەروەری بۆ هەمووان گەڕایەوە. ئیتر گیانداران فێر بوون کە بێدەنگی لە ئاستی ستەمدا، تەنها ستەمکار بەهێزتر دەکات. ئەوان فێر بوون کە “مەڕ نەبن”، بەڵکو گیاندارێکی بوێر و داواکاری مافەکانی خۆیان بن.