رۆژنامەی ھەولێر

فیلمی ئەزموون هاوارێک لە قووڵایی سیستەمەوە و تاقیکردنەوەیەک بۆ ویژدانی کۆمەڵگا

سەردار ئەکرەم/ بەریتانیا

سینەمای کوردی، کە زۆرجار وەک ئاوێنەیەک بۆ مێژووی پڕ لە ئازار و قوربانیدانی گەلەکەی کاری کردووە، لەم ساڵانەی دواییدا خەریکە ڕووی خۆی لە برینەکانی ڕابردوو وەردەگێڕێت و بە بوێرییەوە دەست بۆ ئەو کێشە و قەیرانە کۆمەڵایەتییە هەنووکەییانە دەبات کە وەک کرم لە ناخی کۆمەڵگادا بڵاوبوونەتەوە. یەکێک لە دیارترین و گرنگترین بەرهەمەکان لەم ڕەوتە نوێیەدا، فیلمی “ئەزموون” (The Exam)ی دەرهێنەری ناسراو، شەوکەت ئەمین کورکییە. ئەم فیلمە تەنها گێڕانەوەی چیرۆکێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو نەشتەرگەرییەکی وردە بۆ جەستەی سیستەمی پەروەردە و هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی گەندەڵییەکی سیستماتیکە کە هەڕەشە لە داهاتووی نەوەیەکی نوێ دەکات.
فیلمەکە بە دیمەنێکی کاریگەر دەست پێدەکات ڕۆژین (ڤانیا سالار)، کچێکی گەنجی خەمۆک، لە لێواری بەنداوێکدا وەستاوە و چاوەڕوانی گەڕانەوەی خۆشەویستەکەی دەکات کە لە شەڕی دژ بە داعشدا بێسەروشوێن بووە. ئەم دیمەنە تەنها دەروازەیەکە بۆ تێگەیشتن لە باری دەروونی کارەکتەری سەرەکی، بەڵکو ئاماژەیەکەبۆ کۆمەڵگایەکی پاش-جەنگ کە هێشتا کاریگەرییە وێرانکەرەکانی لەسەر ڕۆحی تاکەکانی ماوەتەوە. چیرۆکی سەرەکی فیلمەکە لە دەوری ڕۆژین و خوشکە گەورەکەی، شیلان (ئاڤان جەماڵ) دەخولێتەوە. شیلان، کە خۆی قوربانیی هاوسەرگیرییەکی شکستخواردوو و ژیانێکی پڕ لە توندوتیژییە لەگەڵ مێردەکەیدا (حوسێن حەسەن)، هەموو ئاوات و هیواکانی خۆی لە داهاتووی خوشکە بچووکەکەیدا دەبینێتەوە.
تاقیکردنەوەی کۆتایی پۆلی دوانزە، کە لە کوردستان و زۆرێک لە وڵاتانی تردا وەک “تاقیکردنەوەی چارەنووس” سەیر دەکرێت، دەبێتە خاڵی وەرچەرخانی چیرۆکەکە. بۆ ڕۆژین، دەرچوون لەم تاقیکردنەوەیە تەنها مسۆگەرکردنی کورسییەکی زانکۆ نییە، بەڵکو تاکە ڕێگای ڕزگاربوونە لەو چارەنووسە ڕەشەی کە باوکی بۆی داناوە .
کەبەشودانە بە کوڕێکی دەوڵەمەندی خێڵەکەیان. بەڵام ڕۆژین بەهۆی باری دەروونیی نالەباریەوە، توانای خوێندن و ئامادەکاریی نییە. لێرەدایە کە شیلان، بە پاڵنەری خۆشەویستی و ترس لە دووبارەبوونەوەی چارەنووسی خۆی، بڕیارێکی مەترسیدار دەدات. ئەو دەست دەباتە فرۆشتنی دوا پارچە زێڕی خۆی تا پارە بۆ تۆڕێکی گەندەڵی و گزیکردن دابین بکات، تۆڕێک کە لە ڕێگەی بلوتوز و تەکنەلۆژیای مۆدێرنەوە، وەڵامی پرسیارەکان بە قوتابییەکان دەگەیەنێت. ئەم بڕیارە، دوو خوشکەکە و بینەریش دەخاتە ناو گێژاوێکی پڕ لە گرژی و دڵەڕاوکێوە کە فیلمەکە لە درامایەکی کۆمەڵایەتییەوە بەرەو ژانەری هەستبزوێن (Thriller) دەبات.
لێرەدا شەوکەت ئەمین کورکی، بیرۆکەی فیلمەکەی لە دیاردەی گزیکردنی کچەکەی لە قوتابخانە وەرگرتووە، بە زیرەکییەکی زۆرەوە ئەم دیاردە “بچووکە” دەکاتە دەروازەیەک بۆ باسکردنی قەیرانێکی گەورەتر. فیلمی “ئەزموون” پرسیارێکی ئەخلاقیی بنەڕەتی دەوروژێنێت: ئایا ئامانجی شەریفانە دەتوانێت پاساو بۆ بەکارهێنانی ڕێگای نادروست بهێنێتەوە؟ ئایا شیلان تاوانبارە کاتێک بۆ ڕزگارکردنی خوشکەکەی لە دۆزەخێک کە خۆی تێیدا دەژی، پەنا بۆ گەندەڵی دەبات؟ فیلمەکە وەڵامی ئامادە بە بینەر نادات، بەڵکو بانگهێشتی دەکات بۆ بیرکردنەوە لە ڕیشەی کێشەکە.
پەیامی سەرەکیی فیلمەکە ڕەخنەگرتنە لە سیستەمی پەروەردەیەک کە خوێندنی تێدا لە پرۆسەیەکی فێرکاری و پەروەردەییەوە کورتکراوەتەوە بۆ تەنها کۆکردنەوەی نمرە و بەدەستهێنانی بڕوانامە. سیستەمێک کە فشارێکی دەروونیی ئەوەندە زۆر لەسەر قوتابی و خێزانەکەی دادەنێت کە هەموو ڕێگایەک، حەڵاڵ یان حەرام، بۆ دەرچوون تاقی دەکەنەوە. وەک لە فیلمەکەدا دەردەکەوێت، گەندەڵییەکە تەنها لە ئاستی قوتابیدا نییە، بەڵکو وەک تۆڕێکی جاڵجاڵۆکەیی، مامۆستا، بەڕێوەبەر، پۆلیس و بەرپرسانی گەورەتریشی گرتۆتەوە. ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە بەوەی کە گەندەڵی لە سیستەمی پەروەردەدا، دابڕاو نییە لە گەندەڵیی گشتیی ناو کۆمەڵگا.
لەلایەکی ترەوە، فیلمەکە ڕەهەندێکی بەهێزی فێمینیستی هەیە. بە هەڵبژاردنی دوو کارەکتەری سەرەکیی ژن، دەرهێنەر تیشک دەخاتە سەر ئەو ستەمە چەند لایەنەیەی کە ژنان لە کۆمەڵگایەکی پیاوسالاردا ڕووبەڕووی دەبنەوە؛ لە نەبوونی مافی هەڵبژاردنی هاوسەرەوە تا دەگاتە سەیرکردنیان وەک کاڵایەک بۆ مامەڵە و پاراستنی “شەرەف”. “ئەزموون” هاوارێکی ژنانەیە دژی ئەو سیستمە کۆمەڵایەتییەی کە خوێندن وەک تاکە دەرچە بۆ ئازادی لە بەردەمیاندا دادەنێت، و لە هەمان کاتدا، هەمان ئەو دەرچەیەش بەڕوویاندا دادەخاتەوە یان پڕی دەکات لە بەربەستی نادروست.
ئەوەی “ئەزموون” لە زۆرێک لە فیلمە کوردییەکانی پێش خۆی جیادەکاتەوە، دوورکەوتنەوەیەتی لە گێڕانەوەی ڕاستەوخۆی کارەساتە نەتەوەییەکان وەک ئەنفال و کیمیاباران، و لەبری ئەوە، قووڵبوونەوەیەتی لە کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی ناوخۆیی و هاوچەرخ. فیلمەکە بە زمانێکی سینەمایی جیهانی و ستاندارد، چیرۆکێکی لۆکاڵی دەگێڕێتەوە کە لە هەمان کاتدا بۆ بینەری بیانیش نامۆ نییە، چونکە گەندەڵی و نایەکسانیی کۆمەڵایەتی، کێشەی جیهانین. شێوازی گێڕانەوەی فیلمەکە و گرنگیدان بە وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە، هەندێکجار سینەمای واقیعیی ئێرانی دێنێتەوە یاد، بەڵام شەوکەت ئەمین مۆرکی تایبەتی خۆی پێوە دیارە، بەتایبەت لە تێکەڵکردنی درامای کۆمەڵایەتی لەگەڵ گرژی و ئیسپەنس (Suspense) کە وادەکات بینەر تا کۆتا چرکە بە فیلمەکەوە پەیوەست بێت.
“فیلمی ئەزموون” بەرهەمێکی هاوبەشی هەرێمی کوردستان، ئەڵمانیا و قەتەرە، و لەلایەن کۆمپانیای “میتۆس فیلم” و “مەستی فیلم”ەوە بەرهەم هاتووە. سیناریۆی فیلمەکە، کە کاری هاوبەشی شەوکەت ئەمین کورکی و محەمەد ڕەزا گەوهەرییە، یەکێکە لە خاڵە بەهێزەکانی فیلمەکە کە توانیویەتی ئازار، هیوا، ترس و بوێریی بە شێوەیەکی زۆر باوەڕپێکراو بگوازێتەوە، شایەنی ستایشێکی زۆرە.
سەرکەوتنی فیلمەکە تەنها لەناوخۆدا قەتیس نەما، بەڵکو دەنگدانەوەیەکی جیهانیی گەورەی هەبوو. “ئەزموون” وەک نوێنەری فەرمی عێراق بۆ کێبڕکێی خەڵاتی ئۆسکاری ٢٠٢٣ هەڵبژێردرا و لە دەیان فیستیڤاڵی گرنگی جیهانیدا نمایشکرا و چەندین خەڵاتی بەدەستهێنا.
دەتوانین بڵێین “ئەزموون” تەنها فیلمێک نییە، بەڵکو بەڵگەنامەیەکی سینەمایی گرنگە لەسەر قۆناغێکی هەستیاری کۆمەڵگای کوردی. فیلمێکە کە بوێرانە پەنجە دەخاتە سەر برینەکان و بانگەوازمان دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕاستییە تاڵەی کە داهاتووی گەنجانمان لەبەردەم “ئەزموون”ێکی سەختدایە، ئەزموونێک کە تەنها بە نمرە دەرناچن، بەڵکو پێویستی بە ویژدان و ئیرادەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ چاکسازی هەیە.