شیڤان شێرزاد – هەولێر
بەرامبەر بەو هێرشە دڵڕەقانەی کرایە سەر ناوچە کوردییەکانی سوریا و شەهیدکردنی چەندین هاووڵاتیی سڤیل و بەرخۆدانی شەڕڤانی کورد لە ڕۆژئاڤا، هونەرمەندی دەرهێنەر “نەژاد نەجم” ئێستا لە کەرکووک سەرقاڵی وێنەگرتنی کلیپێکە بۆ هونەرمەندی گۆرانیبێژ “نەبەز عەبدولکەریم” بەناونیشانی “ئاوازی ژین، کە لە تێکستی موتیع جەباری و وێنەگرتنی هۆزان شێرزاد و مۆنتاژی دلۆڤان مەعروف و میکس و مایسترینگ و دابەشکردنی هونەرمەند “حەمە ڕەئوف کەرکووکی”ـیە و لە ستۆدیۆی ئۆسکار تۆمارکراوە و ڤیرکریتیڤ پڕۆداکشنی ئەو بەرهەمەی لە ئەستۆ گرتووە و بەشێک لە ئەرشیفە کۆنەکانیش، کە بۆ ئەو کلیپە بەکارهاتوون لە لایەن “بڕوا ئەسعەد و چەتر مۆڵتی میدیا پڕۆداکشن” ئامادە کراوە.
چاوەڕوانیش دەکرێت کلیپەکە بەشێوەیەکی فراوان لە سۆشیال میدیادا بڵاوبێتەوە.
“نەژاد نەجم” دەرهێنەری گۆرانییەکە بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند؛ ئەو بەرهەمە هاوسۆزییەکە بۆ گەلی زوڵملێکراوی کورد لە پارچەیەکی دیکەی کوردستان و خەبات و تیکۆشانی بەردەوامی شەڕڤانانی کورد لە ناوچەی شێخ مەقسود و سەرجەم شارەکانی دیکەی سوریا لە جەنگی مانەوەی ناسنامەی کوردایەتیدان و ئێستاش ئامادەنین سازش لەسەر بستێک لە خاکی کوردان بکەن، بۆیە ئێمەش لە کەرکووکەوە بە گۆرانی و ئاوازی نوێوە پشتیوانی لە خوشکان و برایانمان لەو پارچەی کوردستان دەردەبڕین و تا دوا هەناسە لە پشتیان دەوەستین و بە هونەرەکەمان پشتگیریی لە خەباتی کوردانی ڕۆژئاڤای زامدار دەکەین.

