رۆژنامەی ھەولێر

باکۆ سۆرانی: دەمەوێت لە ڕێگەی پلاتفۆرمی “Apeldoorn Direct” وەک کورد خۆم بناسێنم

عەبدولقەهار هەولێری – هۆڵەندا

ماوەیەک پێش ئێستا، باکۆ سۆرانێ، لەلایەن پلاتفۆرمی ڕۆژنامەوانی و کولتووری (Apeldoorn Direct)دا داوا کرایەوە بۆ ئەوەی بەشدار بێت و وتار پێشکەش بکات. ئەم پلاتفۆرمە داوای کردووە کە باکۆ سۆرانی بەشێک بێت لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و بابەتە کولتوورییەکان لە شاری ئاپێلدۆرن.

باکۆ سۆرانێ، دەڵێت: شانازی دەکەم بەم داواکارییە. گوتیشی وەک تاکە نووسەری کوردی لە ئاپێلدۆرن کە بەم شێوەیە بانگ کراوە، ئەم دەرفەتە زۆر گرنگ و تایبەتە. پلاتفۆرمی (Apeldoorn Direct) پلاتفۆرمێکی ناسراو و ڕێزدارە کە ڕۆژنامەوانانی بەئەزموون و توێژەران لە بواری کولتووردا لێی کار دەکەن بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ڕووداوە جۆراوجۆرەکانی شاری ئاپێلدۆرن. بۆ باکۆ، ئەم بانگکردنە دانپێدانانێکە بۆ ماندووبوونی ساڵانێکی درێژ.
بەڕێوەبەری پلاتفۆرمەکە، ستین ستێنبێرگن، لەم بارەیەوە دەڵێت: ئێمە دڵخۆشین بە هاوکاری لەگەڵ باکۆ سۆرانێ. ئەو زیاتر لە سی ساڵە بەردەوام کار دەکات لەگەڵ گرووپی شانۆکەی و بە دیدگای تایبەتی خۆی، وەک کەسێک کە لە ئاپێلدۆرن لەدایک نەبووە، کاریگەری گرنگی لەسەر کۆمەڵگە هەیە. بەهۆی ئەم ڕۆڵە پەیوەستکەرەی، ئێمە بانگمان کردووە. لە دیدگای ئێمە، ئەو پلێکە لە نێوان کۆمەڵگاکاندا.
ئێستا یەکەم وتاری باکۆ سۆرانێ بڵاو کراوەتەوە و زۆرێک لە خوێنەران بە شێوەیەکی زۆر ئەرێنی وەڵامیان داوەتەوە. ئەم سەرکەوتنە بووە هۆی ئەوەی جارێکی تر و جارێکی تر بانگ بکرێت بۆ بەشداریکردن لەم پلاتفۆرمەدا.