شیڤان شێرزاد – هەولێر
هونەرمەندی گۆرانیبێژ “میران عەلی” دوای وچانێک لە بڵاوکردنەوەی بەرهەمە هونەرییەکانی و سازدانی چەند کۆنسێرتێکی گۆرانیی، لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێی ٢٠٢٦ گۆرانی “خراپە زەمان”ـی بەشێوەی کلیپ لە یوتیوبی تایبەتی خۆی و پلاتفۆرمەکاندا بڵاوکردەوە.
ئەو گۆرانییە بە ژیری دەستکرد کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە و یەکێکە لە بەرهەمە جوانەکانی “میران عەلی” دوای گۆرانییەکانی “هەولێر” و “سلێمانی”، کە بوون بە شاکارێک لە کارە هونەرییەکانی ئەو هونەرمەندەدا.
لە ئاخاوتنێکیش سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی ئەو گۆرانییە دەڵێت: داوای لێبووردن لە هەوادارانم دەکەم، کە دەبوایە ئەو بەرهەمە لە کۆتا ڕۆژەکانی ساڵی ٢٠٢٥ بڵاوکرابایەوە، بەڵام بەهۆی چەند کارێکی تەکنیکیەوە دواکەوت و ئێستاش لە کەناڵە تایبەتیەکەم لە یوتیوب و پلاتفۆرمەکاندا لە ماوەی تەنیا ٢٤ کاتژمێردا توانیم زۆرترین بینەر لەخۆ کۆبکه مه وه ، کە بەپێی داتاکان بێت ژمارەی بینەر ئەو کلیپە ١٤٥ هەزاری تێپەڕاندووە، ئەمەش جێگەی خۆشحاڵیە بۆ من وەک هونەرمەندێک، کە دەبینم هەوادارانم بەو گەرم و گوڕییەوە پێشوازیان لەو کارە هونەرییەی مندا کرد.

