رۆژنامەی ھەولێر

قادر ئەسعەد: ئەمساڵ شەش بەرهەمی نوێ بڵاو دەكەمەوە

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

هونەرمەند قادر ئەسعەد بۆ ئەمساڵ سوپرایزی نوێی هەیە بۆ هەوادارانی هەیە وشەش بەرهەمی نوێی بە شێوەی كلیپ بڵاو دەكاتەوە و دەڵێت، سەردەمی جاران كاری هونەری بە دەستەجەمعی دەكران، بەڵام ئێستا لە هەندێك رووی دیكەوە ئاسانتر بوون.

هونەرمەند قادر ئەسعەد ماوەی زیاتر لە 30 ساڵە خزمەتی هونەری كوردی دەكات و یەكێكە لەو هونەرمەندانەی هەوادارێكی زۆری هەیە؛ ئەگەرچی ماوەیەكە دەركەوتنی نییە، بەڵام ناوبراو سەرقاڵی بەرهەمی نوێیە و ئەمساڵ پێشكەشی هەوادارانی دەكات؛ قادر ئەسعەد لە ڕێگەی (هەولێر)ەوە باس لە بەرهەمە نوێیەكانی دەكات.
هەولێر: با بزانین بەرهەمی نوێتان چییە؟
قادر ئەسعەد: ماوەیەك بەر لەئێستا كۆمەڵێك بەرهەمم بەناوی حەیران بڵاوكردەوە، بەڵام ئێستا سەرقاڵی تۆماركردنی شەش بەرهەمی نوێم و ئەمساڵ بە شێوەی كلیپ بڵاویان دەكەمەوە.
هەولێر: بەرهەمەكان لە ڕووی ستایلەوە چۆنن؟
قادر ئەسعەد: بەرهەمەكان وەك ئەوانی پێشترن، بەڵام بۆ ناوەڕۆكەكەی دەمەوێت بۆ داهاتووی جێ بهێڵم و هەواداران خۆیان گوێبیستی بن.
هەولێر: هەمووی بەیەكەوە بڵاو دەكەیتەوە؟
قادر ئەسعەد: بەپێی ئەو پلانەی دامناوە هەر سێ مانگ جارێك و بەرهەمێكیان بە شێوەی كلیپ بڵاو دەكەمەوە بۆ ئەوەی لە جەماوەرەكەم دانەبڕێم.
هەولێر: بەرهەمهێنانی ئەو بەرهەمانە هەمووی لەسەر ئەركی خۆتن؟
قادر ئەسعەد: بەڵێ هەمووی لەسەر ئەركی خۆمە.
هەولێر: بۆچی سپۆنسەر بۆ هونەرمەندانی وەك ئێوە نییە یان خۆتان ناتانەوێت؟
قادر ئەسعەد: من هونەرەكەمم خۆش دەوێت و تا ئەو كاتەی لە ڕووی داراییەوە پێم دەكرێت خۆم خزمەتی دەكەم، ئەو كاتەشی پێم نەكرا واز لە هونەرەكەم دەهێنم.
هەولێر: ئێوە زیاتر لە 30 ساڵە سەرقاڵی كاری هونەرین، ئێستا و ئەو كاتە چ جیاوازییەكیان هەیە؟
قادر ئەسعەد: راستە جیاوازی زۆرە، ئەو كاتانە كارەكان بە دەستەجەمعی بوو و رۆحیەتی تێدا بوو، بەڵام ئاستەنگیشی زۆر بوو، بەڵام ئێستا لە هەندێك رووی دیكەوە كارەكان ئاسانتر بوون.
هەولێر: ئێستا سەردەمی (ئەی ئای)ـە، پێت چۆنە؟
قادر ئەسعەد: لای من سەردەمی ئەی ئای زێڕینە، كاتێك هونەرمەند بتوانێت بە كەمترین دەرفەت و بە بەرزترین كوالێتی بەرهەمەكانی بەردەست بخات.